دواین زانیاری دەربارەی تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر

بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەولێر گوتی، لە پلانی ئەمساڵدا دانراوە ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانەی تەواو نەکراون، تەواو بکرێن و بەسەر هەژار و کەمدرامەت و فەرمانبەراندا دابەش بکرێن کە زیاتر لە هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە.

بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەولێر، هونەر نووری، ڕایگەیاند: ”لە پلانی 2023 دانراوە کە ئەو شوقانەی  تەواو نەکراون، تەواو بکرێن و چاوەڕێی پەسەندکردنی پلانەکەین، بۆ ئەوەی دەست بە تەواوکردنیان بکرێت کە هەزار و 98 یەکەی نیشتەجێبوونە لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەشێکیان تەواو بوون و خزمەت گوزارییان پێویستە و بەشێکیان تەواو نەبوون و پێویستە تەواو بکرێن و ئێمە هەموویان بە تەواونەکراو دەزانین، بۆ ئەوەی تەواو بکرێن.”

هونەر نووری گوتیشی: تەواوکردنی ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە هەر یەکەیان پێویستی بە بڕێک پارە هەیە، چونکە هەر یەکەیان بە ڕێژەیەک تەواو بووە و کۆی گشتییان پێویستی بە 10 ملیار دینار هەیە.

نووری باسی لەوەش کرد: ”نیوەی ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانەی بەسەر کرێنشین و کەمدرامەتدا دابەش دەکرێت و نیوەی دیکە دەدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوون، بە قیستی درێژخایەن دەبێت بۆ ماوەی 25 ساڵ.”

Back to top button