دوای کۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی دەکرێت

((خۆر))-

ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان ئاشكرا دەکات و رایگەیاندووە، بە جیا لەگەڵ ئەو دوو حزبە کۆدەبنەوە و جگە لەوەی تاوتوێی كۆمەڵێك پرسی تایبەت بە هەرێم دەکەن، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵیش دەکەن.

عەلی حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە، “ئەمڕۆ وەكو شاندی پارتی، كە پێكھاتووە لە ھۆشیار زێباری و مەحمود محەمەد و پشتیوان سادق و بەندە، بەڕێكەوتووین بۆ سلێمانی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان لەبارەی كۆمەڵێك پرس”.

وتیشی، “لەگەڵ یەكێتی كۆدەبینەوە و باسی ئەو خاڵانە دەكەین كە پێشتر باسیان لێوە كرابوو و ئێستاش ئامادە كراون، هەروەها سەردانی گۆڕانیش دەكەین و كۆمەڵێك پرس تاووتوێ دەكەین لەبارەی دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان و عێراق و ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان لە سەرۆكایەتیی ھەرێم”.

Back to top button