دونیابینی سه‌رۆك وه‌زیران و گرنگیدان به‌ پێگه‌ی گه‌نجان له‌ كابینه‌ی 9 ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

ئاشكرا و دیاره‌ له‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌نج ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی سیاسی و كارگێڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر دونیابینی و گرنگیدان به‌ هێز و توانای گه‌نجان لای سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

گه‌نج چییه‌ و بۆچی پێویسته‌ گرنگی به‌ تواناكانی گه‌نجان بدرێت؟

گەنج هێزی ئەمڕۆیە سەركردەكانی داهاتوو بریتین لە گەنجەكانی ئەمڕۆ، بۆیە بەشداریپێكردنی گەنج لە ڕۆڵه‌ سەرەكییەكان گرنگ و پێویستە بۆ بەهێزكردنی لایه‌نی سیاسی و كارگێڕی و دارایی بۆ مه‌به‌ستی دروستكردنی گۆڕانكاریەكی پۆزەتڤ و بەرەوەپێشبردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیە پاڵپشتیكردن و بەرەوپێشبردنی توانای گەنجان یەكێك بووه‌ لە ئامانجە سەرەكییەكانی كابینه‌ی 9 ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەویش لە ڕێگەی دروستكردنی هەلی جیاواز بۆ گەنجان بۆ ئەوەی كار له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنی هه‌موو لایه‌نه‌كانی سیاسی و كارگێڕی بكه‌ن.

گەنج لە هەموو كات و ساتێكدا شانازی بەخۆی دەكات و پێویستییه‌كی زۆری بەوە هەیە گرنگی بە پێگە و كه‌سایه‌تی بدرێـت، چونكه‌ خاوەن داهێنان و بیرۆكەی تازەیە، ڕوئیای سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وایكردووه‌ هه‌ستی شانازیكردن به‌ خود لای گه‌نجان به‌هێزبێت و بیرۆكه‌و داهێنانه‌كانیشیان بچێته‌ ئاستێكی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ش، ئەم داهێنان و تازەگەریەی كە گەنج ئەنجامی ده‌دات، بێگومان كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە دروست ده‌كات.

گەنج بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە بە شیاوترین شێوە پێگەو شوێنی خۆی لە چوارچێوەی گرووپ و كۆمەڵگە بەگشتی بەهێز بكات، ئه‌م به‌هێزبوونه‌ش بۆ خزمه‌تكردنی وڵات و نیشتمانه‌كه‌ی ته‌رخان بكات.
كه‌واته‌ گه‌نج رۆڵێكی گه‌وره‌ و گرنگی له‌ پەرەپێدان و پێشخستنی حكومه‌ت و كۆمەڵگە هه‌یه‌، ڕۆڵی گەنجان لە پێكهێنان و تەواوكردنی بنیادی سیاسی و كارگێڕی تەوەرێكی بنچینەییە، ئەمەش لە میانەی پێداویستیەكانی حكومه‌ت لەڕێگەی پلان گەلێكی پێشوەخت ئەنجام دەدرێت.

نابێت ئەمەش لەبیر بكەین كە گەنجان كرۆكی سەرەكی كۆمه‌ڵگه‌ پێكدەهێنن و هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بەبێ گەنج ناتوانێت ببێتە كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو، چونكە گەنج هێزی كۆمەڵگەیە، ئەم هێزە دەبێتە كۆلەكەی پەیوەندی و بەیەكەوە بەستنی سەرجەم لایەنەكانی سیاسی و كارگێڕی.

سامان عه‌بدوڵلا
نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆ

Back to top button