دوو پڕۆژەی ڕێگاوبان لە مێرگەسۆر جێبەجێکران

لە سنوری قەزای مێرگەسۆر دوو پڕۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێکران، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێ: ھەردوو پڕۆژەکە لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێکراون.

ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند : ژمارەیەک پڕۆژەی ڕێگاوبان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێکراون، دوو لەو پڕۆژانە لە سنووری قەزای مێرگەسۆرن ئەوانیش ڕێگەی “مێرگەسۆر _ پیرانە”،  ڕێگاکە دروستکراوە و قیڕتاوکراوە، پڕۆژەکە لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گوژمەی یەک ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی جێبەجێ کراوە.

بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی:  پڕۆژەیەکی دیکەی ڕێگاوبان لە سنووری مێرگەسۆر پڕۆژەی رێگای گوندی  بابکێ یە، ئەویش بە گوژمەی ٦٩٠ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێکراوە.

ھەژار حەکیم ڕوونی کردەوە: دروستکردنی ھەردوو ڕێگاکە بۆ سنووری دەڤەری مێرگەسۆر گرنگن چونکە ئاستەنگی ھاتوچۆ کەمتر دەکەنەوە و کاریگەری لەسەر کەرتی ھاتوچۆ دەبێت لە دەڤەری مێرگەسۆر.

Back to top button