دژوار فایەق: بە ناوبژیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە

بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ھەرێم یەکەیەکی دەستوورییە و ھیچ لایەن و دەوڵەتێک ناتوانێت پەراوێزی بخات و دەشڵێ، بە ناوبژیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە.

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان،  ڕاگەیاند: “ھەرێمی کوردستان یەکەیەکی فیدراڵیی دەستووری و یاسایییە، دەسەڵاتی فراوانی ئیداری و سیاسی و ئابووریی ھەیە، لە دەستووری عیراقیشدا دانی پێدا نراوە کە ھەرێمی کوردستان مەوقعێکی جوگرافی و ستراتیجیی ھەیە و دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و، ڕۆڵی کاریگەری ھەیە لە ھاوکیشەی سیاسیی عیراق و ناوچەکە و ھەروەھا ڕۆڵی باڵای ھەیە لە ڕووداوەکانی ناوچەکە لەگشت ڕوویەکەوە، بەو ھۆیانەشەوە بووەتە خاوەن تۆڕێکی دیپلۆماسیی گەورە و فراوان لەگەڵ وڵاتانی دونیا ھیچ کەس و لایەن و دەوڵەتێک ناتوانێ ھەرێمی کوردستان پەراوێز بخات، یان لە گرینگی و کاریگەریی ناوچەکە بیسرێتەوە و لاوازی بکات. لەبەر ھەڵوێستی نیشتمانی و سەربەخۆیی لە بڕیاری سیاسیدا کێشەی زۆری بۆ دروست کراوە و فشاری گەورەی خراوەتە سەر، بەھۆی خۆڕاگری جەماوەرەکەی و حیکمەتی سەرکردایەتیی سیاسی بەسەر ھەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ بووە و دەبێت.”

دژوار فایەق گوتیشی: “ئێستا ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێ لێکتێگەیشتنی ھەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە ناوبژیوانیی نەتەوە یەگرتووەکان و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا لە بوارەکانی بودجە و نەوت و غاز و ماددەی سەد و چل و ھەماھەنگی لە شەڕی داعش و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی تر لە نێوان ھەولێر و بەغدا ماف و داخوازییەکانی ھەرێمی کووردستان و خەڵکەکەی دەستووری و یاسایین و دەبێت چارەسەر بکرێن، پشتگوێخستن، یان چارەسەرنەکردنی زیان دەگەیەنێت بە ھەموو لایەک لە عێراق وەکوو لە بیست ساڵی ڕابردوو دەرکەوت، بۆیە ئەگەر زۆرە کە لیکتیگەیشتنەکان بکەونە واری کردنەوە پڕۆپاگەندەی ناحەزان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیا دەبنە بڵقی سەر ئاو و ھەریمی کوردستان ڕاناوەستێت و ھەنگاو بەرەو پیشەوە دەنێت بۆ خزمەتی خەڵکەکەی بە پشتبەستن بە یاسا و دەستوور.”

Back to top button