دژوار فایەق: پارتی ھەر دەگەڕێتەوە کەرکووک

بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەوەی لە کەرکووک ڕوویدا سیناریۆ بوو دروستیان کرد، پارتیش هەر دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش گوتی: بڕیارەکە پەلەی تێدا کراوە و واقیعی نییە.

دژوار فایەق، نوێنەری هەرێم لە لیژنەی باڵای ماددەی 140 ڕایگەیاند:  ئەو بارەگایە هی پارتییە پارتیش مۆڵەتی یاسایی هەیە و مافی خۆیەتی بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک،  بەڵام ئەم سیناریۆیەیان دروست کرد بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە، بارەگا شتێکی ڕەمزییە ئەگەرنا وەکو خۆپیشاندەران گوتیان بارەگای پارتی ناو دڵ و دەرونی خەڵکی کەرکووکە ئەشگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە.
نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە بە هۆی هاتنی هێزی بێگانە بۆ کەرکوک بارودۆخی ئەو شارە تێکچووە چارەسەری تێکڕای کێشەکانی کەرکوک جێبەجێکردنی ماددەی “١٤٠”ە.
دژوار فایەق گوتی: کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ کە حکوومەتی عێراقی کەمتەرخەمی نواند ماددەی ١٤٠ی جێبەجێ نەکرد ئەبوایە کەرکووک و شارەکانی تری ماددەی ١٤٠ بە بنەمای ئیدارەی موشتەرەکی نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوە بچوایە، واتا بەشداری پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستانی لە مەلەفی ئەمنی کەرکووک و شارەکانی تری سنووری ماددەی ١٤٠، بینیمان لەم ڕۆژانە بە هۆی نەبوونی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستانی لە کەرکووک سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی خەڵکی کوردستان کرا لاوی کورد شەهید و بریندار کران، بۆیە دەڵێم پێویستە تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەبێت بە ئیدارەی موشتەرەک کەرکووک و ناوچەکانی تر بەڕێوەبچێت پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستانی تیا بەشداربن یان هێزێکی ئەمنی لە خەڵکی شارەکە لە هەموو پێکهاتەکان پێکبێت و هێزە نامۆکان لە کەرکووک بگوازرێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.

لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دژوار فایەق ڕوونی کردەوە: بەیاننامەکەی دادگای فیدڕاڵی بە پەلە وەرگیراوە و واقعی نییە و پارتی لە مافێکی یاسایی خۆی بێبەش کراوە، نەدەبوو دادگا بەپەلە ئەو بڕیارەی بدایە، پێویست بوو دیراسەتی زیاتری بکردایە، هەرچەندە گەڕانەوەی پارتی بۆ بارەگاکەی خۆی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە، بەڵام پێویستە دادگا بێ لایەن بێت و بڕیارەکانی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای ڕاستی بێت.

Back to top button