دژە تیرۆری یەكێتی بەبێ دادگاییكردن چوار ساڵە بازرگانێكی كوردی زیندانی كردووە

بەپێی بەڵگەكان، ماوەی چوار ساڵ و سێ مانگ و دوو ڕۆژە، گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی بەهمەن حوسێنی كە بازرگانی قوماش بووە، بەبێ دادگاییکردن و تەنانەت بەبێ ئەوەی كەس هۆكارەكەشی بزانێت، لەلایەن دژەتیرۆری یەکێتییەوە زیندانی كراوە كە لاهوور جەنگی سەرپەرشتی دەكات و ”تا ئێستاش دیار نییە ماوە یاخود مردووە یان کوژراوە“.

ئەو گەنجە  لە رۆژی ٩ی شوباتی ٢٠١٧ لە لایەن دژە تیرۆری یەكێتییەوە بەبێ هیچ فەرمانێكی دادوەر ڕفێندراوە و گومان لەوەدا نییە لەزیندانی دژەتیرۆرە.

بەهمەن حوسێنی  بازرگانیی قوماش و فەرشی لەگەڵ چەن بازرگانێک لە هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر کردووە، فەرشێکی گرانبەهای بە فەرماندەیەکی دژەتیرۆری یەكێتی بە ناوی (سەلمان ئەمین) ناسراو بە مەلا ئەژی فرۆشتووە کە دەکاتە برای (موسەنا ئەمین)ـی پەرلەمانتاری یەکگرتوو، بەڵام فەرماندەكەی دژە تیرۆر پارەکەی پێ نەداوە و بەو هۆیەشەوە بۆتە دەمەقاڵێیان، هەربۆیە دەستگیر کراوە، ئەمەش بە ئاشکرا دیارە كە دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی بۆ مەرامی کەسی بەكار دەهێندرێت.

ئەم کارەی دژەتیرۆری یەکێتی بەتەواوەتی دژی مافەکانی مرۆڤ و زیندانییانە، ئەمەش کاری یەکەمجاریان نییە و چەندینجار ھاوشێوەی ئەم پێشێلکارییەیان ئەنجامداوە، نوێترینیان مانگێک پێش ئێستا بوو کە کادیرێکی کۆمەڵەیان بە ناوی (سمکۆ بەنەفشی) بەبێ فەرمانی دادوەر ڕفاند.

Back to top button