دەبوایە پرۆژەی (نەهێشتنی دزی و قاچاخچێتی لە مەرزەكان)تان ئامادە بكردایە

جەمال عەبدوڵا

وا بۆ ساڵێك دەچێت كابینەی 9ی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە (پارتی، یەكێتی، گۆڕان و پێكهاتەكان) پێكیان هێناوە، دەستبەكارە، وا بۆ ساڵێك دەچێت ئەم كابینەیە و بەشێك لە پەرلەمانتارانیش دووبارە و دەبارەی كردووەتەوە كە جەماعەتێك خولە چەخماخە لە ھەندێك لە مەرزەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، خەریكی قاچاخچێتی و قاچوقوچی پارەی گومرگ و سەندنی سەرانەن و نابێت ئەم كارە نایاساییانە بمێنن، بڕیار دراوە كە دەبێ ھەموو داھاتەكانی ناوخۆ كە بەشێوەیەكی یاسایی و ڕێگەپێدراو كۆ دەكرێنەوە، بگێڕدرێنەوە بۆ یەك سەرچاوەی حكوومی و ئەویش وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، ئەو پارانەش بە گوێرەی پلان و پێداویستییەكانی ھەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا بڕیاری خەرجكردنی دەدرێت، كەچی لەجیاتی بەدەنگەوەھاتن و جێبەجێكردنی ئەو پلان و بەرنامە و بڕیارانەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، جەماعەتەكەی لامەركەزیی سلێمانی، پرۆژەی لامەركەزی بۆ سلێمانی ئامادە دەكەن و لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی قاچاخچییەكانیشەوە، هێندەی پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان گرنگیی پێدەدرێت! ئەوە لەكاتێكیشدایە كە لامەركەزیی ئیداری نەك لامەركەزییە ئیداری و داراییە گومانلێكراوەكان! لەناو كارنامەی ئەم حكوومەتەدا و پێش دەستبەكاربوونیشی جێگیر كراوە.

لەم قەیرانی داراییەدا، لەم كاتەدا كە دەبوایە كاری لەپێشینەی ھەمووان ئەوە بێت كە ڕەگی دزی و قاچاخچێتی لە مەرزەكان نەھێڵن و دەبوایە كاری لەپێشینە ئەوە بێت كە پرۆژە و پلانی نەھێشتنی قاچاخچی و دز و خولە چەخماخەكان لەسەر مەرزەكان نەھێڵن، كەچی – كە پێدەچێت یان لەترسدا بێت یان بەرژەوەندیی ھەندێكیان لەگەڵ دز و قاچاخچی و خولەچەخماخەكان تێكەڵ بووبێت – جەماعەتەكەی لامەركەزیی سلێمانی، ھەواڵی تەواوبوونی پرۆژەی لامەركەزی دەدەن بە گوێی خەڵكدا!

لە سەدەی پازدەی زایینیدا، سوڵتان محەمەدی دووەمی عوسمانیەكان ئابڵووقەی قوستەنتینیە، واتە ئیستانبوڵی ئەمڕۆیان دابوو، چارەنووسی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی كەوتبووە بەردەم ھەڕەشەیەكی زۆر جدی و گەورە، كەچی كۆمەڵێك لە نوێنەرانی شار لەناو خۆیاندا خەریكی گفتوگۆكردن بوون لەسەر ئەوەی كە ئایا مەلائیكەت نێرە یان مێ؟ ئەی ئایا ئیبلیس ئەوەندە گەورەیە كە لە ھیچ شوێنێكدا جێگەی نابێتەوە، یان ئەوەندە بچووكە كە بە كونی دەرزییەكیشەوە دەچێت؟ ھەرچەندە قوستەنتینی 11ی ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی بە نوێنەرانی شاری گوت ئێستا كاتی ئەم گفتوگۆیانە نییە و ئێمە لەبەردەم ھەڕەشەی گەورەی سوڵتان محەمەدی عوسمانیەكانداین و ئیتر ئەگەر ئەوەش بسەلمێنن كە مەلائیكەت نێرە یان مێ، ئەمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ھەڕەشەیەی ئێستا بەكەڵك نایەت، بەڵام نوێنەرانی شار! ھەر لەسەر گفتوگۆ بێسوودەكانی خۆیان بەردەوام بوون ھەتا ئەو كاتەی كە شار داگیر كرا و ئیمپراتۆریەتی بیزەنتییش ڕووخا و سوڵتان محەمەدی عوسمانییش چووە ناو قوستەنتینیە و ناوی قوستەنتینیەشی گۆڕی بە ئیستانبوڵ و خۆیشی پێی گوترا محەمەدی فاتیح، واتە ئەو محەمەدەی كە فەتحی قوستەنتینیەی كرد. جا ئێستاش لە هەرێمی كوردستان، كێشە سەرەكییەكەمان قەیرانی داراییە و وەك بەشێك لە چارەسەریش دەبێ دز و قاچاخچیەكانی سەر مەرزەكان نەھێڵرێن، كەچی لیژنەی شار لە سلێمانی لەجیاتی بەشداریكردن و ئامادەكردنی باشترین پڕۆژە بۆ نەھێشتنی دز و قاچاخچییەكانی سەر مەرزەكان، ھێشتا ھەر خەریكی گفتوگۆی ئەوەن كە ئایا مەلائیكەت نێرە یان مێ؟!

Back to top button