دەرماڵەی سێ مانگی قوتابییانی زانکۆی سەلاحەدین دابەش دەکرێت

وەزیری دارایی ڕەزامەندی دەدات بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆی سەلاحەدین و بەرپرسێکی زانکۆکەش دەڵێت:دەرماڵەی سێ مانگی قوتابییانی زانکۆی سەلاحەدین دابەش دەکرێت.

سامان عەبدوڵلا بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین  ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، ئامانج لەم سەردانە وەرگرتنی ڕەزامەندی بوو بۆ وەرگرتنی بواری دارایی زانکۆکان و وەرگرتنی ڕەزامەند بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆی سەلاحەدین، بەخۆشحاڵییەوە وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک.”

بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، ئاشکراشی کرد: “ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی دەرماڵەی سێ مانگی قوتابییانی زانکۆی سەلاحەدین بە زووترین کات دابەش بکرێت.”

دەرماڵەی قوتابییانی ناوشار مانگانه‌ 40 هه‌زار دینارە و قوتابییانی ده‌ره‌وه‌ی شارەكانیش مانگانه‌ 60 هه‌زار دیناریان پێ ده‌درێت.

پێشتر د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دەرماڵەی قوتابییان بڕیارەكەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەرچووە و پشتیوانییە بۆ قوتابییان، پارەکە تەنیا بۆ چەند مانگێك نییە.”

ئەو گوتیشی: “مانگانە دەرماڵەی زانکۆکەمان 900، ملیۆون دیناری پێویستە، بۆیه کار دەکەین پارەکە دەستەبەر بکەین و لەگەڵ وەزارەتی دارایش قسەمان کردووە.”

لەو بڕیارەی حكوومەتدا مانگانه‌ زیاتر له‌ 113 هه‌زار قوتابیی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی تەواوی هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن.

د. عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕە‌زاق، بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگەیاند: “بۆ ساڵی خوێندنی 2021- 2022 بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار دابین كرا، بۆ نۆژە‌نكردنه‌وه‌ی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و دەرماڵەی قوتابییان و خوێندكاران، بۆ ساڵی خوێندنی 2022- 2023، بە رەزامەندیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەمان بودجە تەرخان كرایەوە.”

Back to top button