دەستەی وەبەرهێنان: لەم کابینەیە 28 هەزار و500 هەلی کارمان لە هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە

بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی خۆمان و تا ئێستا زیاتر لە 130 هەزار هەلی کار ڕەخساوە و تەنها لەم کابینەیەش 28 هەزار و500 هەلی کارمان ڕەخساندووە.

بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر هەڤاڵ سدیق،ڕایگەیاند: ”لە ساڵی 2006وە تا ئێستا 130 هەزار و 366 هەلی کارمان لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ڕەخساندووە و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش 28 هەزار و500 هەلی کارمان بۆ خەڵکی خۆمان ڕەخساندووە، بۆیە بە بەردەوامی هەوڵی زیاترکردنی هەلی کار دەدرێت لە پرۆژەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و کەرتی دیکە، بۆیە پلانمان هەیە زیاتریش بکەین لە ڕێگەی پرۆژەی پیشەسازی و کشتوکاڵ، چونکە چەند پرۆژە زۆر بێت هەلی کاریش زیاد دەبێت، هەربۆیە داوامان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە ناوی ئەو کەسانەمان بۆ ڕەوانە بکەن کە بێکارن و پسپۆڕییەکەشیان چییە، بۆ ئەوەی هەلی کاریان بۆ بدۆزینەوە.”

دکتۆر هەڤاڵ سدیق گوتیشی: ”بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر پرۆژەیەک مۆڵەتی پێ بدرێت پێویستە ڕێژەی کرێکاری ناوخۆیی لە 75% کەمتر نەبێت، بۆیە گرنگیی زۆر بە کرێکاری ناوخۆ دەدەین.”

سدیق ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو پرۆژانە کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر کۆمەڵگا بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتریان بۆ بڕەخسێت، چونکە ئەو ئامارەی باسمان کرد، ئەوانە هەلی کاری ڕاستەوخۆ و هەلییکاری ناڕاستەوخۆش یەکجار زۆرە و ئێمە هەلی کار بۆ ئەوانەش دەدۆزینەوە کە دانەمەزراون.”

Back to top button