دەستەی کەشناسی عێراق وادەی یەکەم خۆڵبارینی ئەمساڵی ئاشکرا کرد

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوو و هەفتەی داهاتوودا پێشبیندەکرێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە نمەباران لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی وڵات ببارێت و خۆڵبارینێکی کەمیشی دەبێت.

دەشڵێت، لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵات ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام لەناوچەکانی وڵات نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری بارینی نمەبارانی هەیە.

لەبارەی پلەکانی گەرماشەوە دەڵێت، پلەکانی گەرما لەسەرتاسەری وڵاتدا هیچ ناگۆڕێت و هاوشێوەی رۆژانی پێشوودەبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی هەینی ئاسمانی وڵات بەگشتی ساماڵ دەبێت و لە هەرێم پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە، بەڵام لەناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی وڵات هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نایەن.

راگەیەنراوەکەی کەشناسی عێراق باسی لەوەشکردووە، رۆژی شەممەی داهاتوو ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی چەند پەڵە هەورێک، بەڵام لەناوەڕاست و باشوری وڵات ئاسمان نیمچە هەور دەبێت.

دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی خێرایی با لە بەشی رۆژهەڵات و باکوری خۆرئاواوە لە رۆژدا چالاک دەبێت و ٢٠ – ٣٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، ئەمەش دەبێت هۆی بەرزبوونەوەی خۆڵ و خۆڵبارین دەبێت.

لەبارەی گۆڕانی پلەکانی گەرماشەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، لە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵات پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە، بەڵام لەباشوری وڵاتدا هاوشێوەی رۆژانی پێشوو دەبێت.

هاوکات، لەبارەی کەشوهەوای رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتووەوە راگەیەنراوەکەی کەشناسی عێراق دەڵێت، ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما هاوشێوەی رۆژانی پێشوو دەبێت. بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵات ئاسمان سماڵ و نیمچە هەور دەبێت و بەمەش پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە.

Back to top button