دەستەی گەشتوگوزار: کەرتی گەشتوگوزار خراوەتە ئەولەویەتی کارەکانی کابینەی نۆیەم

بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزار دراوە و لەئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتە، ئەمەش وای کردووە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن و 500هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئیبراهیم عەبدولمەجید، ڕایگەیاند: لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەشتوگوزار خرایە ئەولەویەتی کارەکان  لە پاڵ کشتوکاڵ و پیشەسازی، لە سەردەمی ئەم کابینەیە بۆ یەکەم جار گەشتوگوزار بووە خاوەن یاسای خۆی و پار بۆ یەکەم جار کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەت بۆ گەشتوگوزار تەرخانکرا، لەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکوومەت بەواژووی خۆی سەرجەم دامەزراوەکان و وەزارەتەکانی ڕاسپارد هاوکاری دەستەی گەشتوکوزار بکەن بۆ ئەوەی پێش بخرێت.

ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: ئێمەش وەکو دەستەی گشتی گەشتوگوزار پلانێکی هەشت ساڵەمان داناوە، کۆمەڵێک  تەوەری ستراتیژی لەخۆ دەگرێت، وەکو پڕۆژە، ژێرخانی گەشتوگوزار و پێشخستنی خزمەتگوزاری گەشتیاری، پلانەکە دەستپێکراوە بە هەماهەنگی هەموولایەک دەتوانین ئەو سێکتەرە بکەینە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی هەرێمی کوردستان.

عەبدولمەجید ڕوونیشی کردەوە: چەندین پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجامدراون و حکوومەت ئاسانکاری کردووە بۆ زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاری و هاتنی گەشتیاران و بەشداریمان لە چەندین کۆڕبەند کردووە، بۆیە ڕوئیای حکوومەت بۆ کەرتی گەشتیاری وای کردووە ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێم زیادبێت.
بەپێی ئامارێکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە 4 ملیۆن و 500هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

Back to top button