دەست بەدابەشكردنی شایستە داراییەكانی جوتیاران دەكرێت

شاندێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو لەگەڵ شاندی وەزارەتی بازرگانی هەرێم كۆبونەوە.
لەپرێس كۆنفرانسێكدا نەوزاد كامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەنوێنەرایەتی شاندی وەزارەتی بازرگانی پێشوازیمان لە ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرە گشتیەكانی كۆمپانیاكانی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ كرد كە لەسەر داوای ئێمە ئەم سەردانەیان كردوەو لە كۆبونەوەیەكدا باسمان لەو میكانزم و رێكارانە كرد كە دەبێتە هۆی بەهێزكردن و رێكخستنی كاری هاوبەشی هەردو وەزارەت لە هەرێم و بەغدا.
وتیشی: لەماوەی رابردودا چەند یاداشتێكی لێكتێگەیشتنمان واژۆ كردوە لەسەر جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەو یاداشتانە كە هەندێكیمان جێبەجێكردوەو هەندێكی ماون پێویستمان بەوە بو كە رونكردنەوەی زیاترو میكانزمی زیاتر دابنێین تا بتوانین وەك خۆی جێبەجێیان بكەین.
نەوزاد كامل باسی لەوەشكرد، هەر لە كۆبونەوەكەدا ئەوەی پەیوەندی بە هاووڵاتیانی هەرێم و فەرمانبەرانمانەوە هەبو گفتوگۆمان لەبارەوە كرد بەتایبەت ئەو هاندانەی هەیە وەك فەرمانبەرانی ناوەڕاست و باشوری عیراق هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.
لەبەشێكی تردا لەبارەی شایستەكانی جوتیارانەوە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم وتی: شایستەی دارایی جوتیاران هەموی گەیشتوەو راستاندنی بانكەكانی بۆ كراوە، لە رۆژی یەكشەممە 26-2 لەدهۆكەوە دەستپێدەكەین هەروەها لە هەولێریش پارەكە وەردەگیرێت و دەچێتە سەر هەژماری بانكەكانمان لە رۆژی دووشەمەوە لە هەولێر دەست بەدابەشكردنی دەكەین و چەند رۆژی داهاتوش لە سلێمانی دابەشدەكرێت.
وتیشی: پارەكە هی ساڵی 2015 و 2016یە بۆ هەردوو ساڵەكە بڕەكەی 271 ملیار دینار زیاترە.

Back to top button