دەست بەسەر چەند میدیاییەكی نزیك لە لاھور جەنگیدا گیرا

لە سلێمانی هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر کەناڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی، بەشێک لە کارمەندانی دەستبەسەرکراون و هەندێک لە کەلوپەلەکانیشیان شکێنراوە، ھەمان ھێز داوایان لە میدیایی دیكەی نزیك لە لاھور جەنگی كردووە بینەكانیان چوڵكەن.

سەرچاوەیەک لەنێو کەناڵەکە رایگەیاند، “ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە هێزێکی ئەمنی هێرشیان کردووەتە سەر کەناڵی (ئای پڵەس IPLUS)ی و بەشێک لە کەلوپەلەکانییان شکاندووە، زیانیان بە باڵەخانەکە گەیاندووە و چەند کارمەندێکیشیان دەستبەسەرکردووە.” ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە “بەشێک لە کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و دەستیان بەسەر چەند کەیسێک و کەلوپەلی کۆمپیوتەردا گرتووە و دەرگای چەند ژوورێکیان شکاندووە، لەوانە ژووری بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵەکە.” لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سەرچاوەیە گوتی، سەرەتا داوایان لە کارمەندەکان کردووە بچنە دەرەوە و ئەوانیش رازی نەبوون و پاشان هێرشیانکراوەتە سەر، “تاوەکو ئێستاش بەرپرسی کەناڵەکە و چەند کارمەندێک دەستبەسەرکراون.” کەناڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی نووسینگەی سەرەکیی لە سلێمانییە و دەکەوێتە سەر شەقامی 60 مەتری، کەناڵەکە تاوەکو ئێستا دەستی بە پەخش نەکردووە. دوای ئەم رۆداوەش سەرچاوەیەك بۆ ئاژانسی پەیامنێر گوتی: ئەو ھێزە ئەمنییە داوای لە ھەریەك لە سایت و پیجەكانی (ژیان، كۆباس، لڤین، ژیان و ئاژانس) كردووە بیناكانیان چوڵكەن و دەست لەكاركردن ھەڵگرن.

Back to top button