دەست بە جێبەجێکردنی خزمەتگوزاریەکانی 8 حەسارۆک دەکرێت

لەدوای بەسەرکردنەوەی گەڕەکەکە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بڕیاردان لەسەر پێدانی ڕێگەپێدان بە دروستکردنی خانوو لە ٨ـی حەسارۆك، هاوکات بڕیاردان لە دابینکردنی تەواوی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەڕەکەکە، بڕیارە لەماوەیەکی کەمدا کارەکانی دیزاینکردنی ئاو ئاوەڕۆی گەڕەکەکە جێبەجێبکرێت و پرۆسەی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانیش بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی 371 ملیۆن دینار بۆ دانانی دیزاینی ئاو و ئاوەڕۆکانی گەڕەکی 8ـی حەسارۆك لەهەولێر دەبڕیوە و چاوەڕوانی خەرجکردنی دەکەن، بۆ ئەوەی دەست بەکارەکان بکەن، گوتیشی: “کارەکانی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی گەڕەکەکە بەردەوام دەبێت.

هاوکات عبدالواحد ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئەوەشی راگەیاندووە کە کار لەسەر دانانی سەرەبلۆکەکانی کۆڵان و شەقامەکانیش دەکرێت بۆ ئەوەی هەر کەسێك رێگەپیدانی دروستکردنی خانووی هەبێت ئاستی بەرزونزمی شەقامەکان بزانێت”.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە رێگەپێدان بۆ دروستکردنی خانوو لە گەڕەکە بەردەوامە، لەبارەی کارەکانی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانیشەوە گوتی” کردنەوەی شەقامەکانی 40 مەتری و 60 مەتری بەردەوامن لەچوارچێوەی ئەو 350 ملیۆن دینارەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرخانی کردبوو، دەرخستەی کارەباکەشمان پێگەیشتووە و ئامادەیە”.

Back to top button