دەوامی خوێندنگاكان بۆ مانگی رەمەزان كەمكرایەوە

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەوامی خوێندنگاكانی بۆ مانگی رەمەزان كەمكردنەوە و بۆ هەر وانەیەك 5 خولەك كەمتر دەبێت و مامۆستایانیش بۆیان هەیە تەنها ئەو كاتانە لە قوتابخانەبن كە دەوامیان هەیە.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزان دەكەن، دەوامی مامۆستایان لەناو ناوەندەكانی خوێندنی پەروەردە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا دەگۆڕدرێت.
ئەوەش هاتووە، هەر وانەیەك 5 خولەك كەمدەكرێتەوە، هەروەها مامۆستایان بۆیان هەیە تەنها ئەو كاتانە لە قوتابخانەبن كە وانەیان هەیە، ئەوكاتانەی كە وانەیان نییە بونیان لە قوتابخانە ئیلزامی نابێت.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوەش كردووەتەوە، خشتەی وانەكانی هەفتەی خوێندن نابێت هیچ گۆرانكارییەكی تێدا بكرێت لەلایەن دەستەی كارگێڕی ناوەندەكانی خوێندنەوە.

Back to top button