د. زێدا محەمەد: بەفر و بارانی ئەمساڵ مەترسیی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ کەم کردووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، بارینی بەفر و بارانی ئەمساڵ مەترسیی وشکەساڵیی تا ڕادەیەک نەھێشتووە و دەشڵێ، لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی بۆ گەنم ھەیە.

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕاگەیاند: “تا ئێستا ڕێژەیەکی باشی باران و بەفر ھاتووە و بۆ کەرتی کشتوکاڵ مەترسییەکانی وشکەساڵی لە ڕووی بەرھەمی کشتوکاڵییەوە ڕەویوەتەوە، چونکە سێ جۆر وشکەساڵی ھەیە، وشکەساڵیی کشتوکاڵ و وشکەساڵیی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی، لە ئاوی سەر زەوییش ئەمساڵ ڕەوش باشە، بەتایبەتی ئەو پۆندانەی تەواو کراون توانیویانە ڕێژەیەکی باشی ئاو گل دەنەوە، ئێمە بۆ بەرھەمی گەنم زیاتر بۆ مانگی شوبات و دواتر پێویستمان بە بارانە.”

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: “لە مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو بەرھەمی گەنم چێندراوە و ھێشتا ئاماری کۆتایی نەھاتووە بۆ ئێمە تا بزانین چەند دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوە، بەڵام ڕووبەری ئەو زەوییەی دەکرێتە کشتوکاڵ، بەتایبەتی گەنم لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنم زەوییە و دیار نییە ئەمساڵ چەندی بەکار ھاتووە.”

د. زێدا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەیە ئەمساڵ بەر لە گەیشتنی بەرھەمی گەنم ئەو ماددانەی دەبنە ھۆکار بۆ لەناوبردنی ئەو زیندەوەرانەی زیان بە گەنم دەگەیەنن، واتا ماددە قڕکەرە کیمیایییەکان بەسەر جووتیاراندا دابەش بکرێن، تەنیا ڕێکاری کارگێڕی ماوە بۆ ئەوەی دەست بە کڕینی ئەو ماددانەی بکەین بۆ جووتیاران، تا بەرھەمەکانیان پارێزراو بن.”

Back to top button