د. سانع شەریف: ماددەی ٤٨ی دەستوور، تا ئێستا کاری پێ نەکراوە

مامۆستایەکی کۆلێجی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سۆران پێی وایە کە پراکتیزەکردنی فیدراڵیزم لە عێراقدا پەیوەستە بە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق و ڕێگریکردن لە خۆسەپاندنی زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا وەک لە پێشودا بینیومانە.

د. سانع شەریف، مامۆستای کۆلێجی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سۆران، لە لێدوانێکی  ڕایگەیاند: ”فیدراڵی جۆرە سیستەمێکی سیاسییە کە دەسەڵاتەکان لە ڕێگەی دەستوورەوە لە نێوان حکوومەتێکی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمەکان، یاخود یەکەیەکی حکوومەتێکی بچووکتردا دابەش دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو حکوومەت لە سەروەریدا هاوبەشن و پشت بە یەکتر دەبەستن، دەتوانین بڵێین نە حکوومەتێکی ناوەندیی زۆر بەهێز و نە حکوومەتی هەرێمێکی زۆر لاواز، دەوڵەتی عێراقیش یەکێکە لەو دەڵەتانەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کە سیستەمە سیاسییەکەی فیدراڵییە، لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی سیستەمی فیدراڵی بریتییە لە ئیدارەدانی تەواوی سێکتەرەکانی دەوڵەت بە هاوبەشی لە چوارچێوەی دەستووردا، بۆیە ئەگەر فیدراڵیزم وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت لەلایەن حکوومەتەکانی عێراقەوە، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر دەبن، بەڵام ئەگەر لە ڕووی پراکتیکییەوە سەیری سیستەمی فیدراڵیی عێراق بکەین کێشەی زۆری تێدایە، یان وەکوو خۆی جێبەجێ نەکراوە، وەک لە دەستوورەکەیدا هاتووە، بۆ نموونە، ماددەی ٤٨ی دەستوور جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵاتی یاسادانان لە (ئەنجومەنی نوێنەران) و (ئەنجومەنی فیدراڵی) پێک دێت، کە دەزگایەکی دەستوورییە، لە تەک ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، تا ئێستا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە و کاری پێ ناکرێت، چونکە تەنها ئەنجومەنی نوێنەرانمان هەیە، لە کاتێکدا دەبووایا ئەنجومەنی فیدراڵییش دامەزرابا. میکانیزمەکانی ئەم ئەنجومەنە وەک لە ماددەی ٦٥ی دەستووردا هاتووو، “ئەنجومەنێکی یاسادانان پێک دەهێنرێت کە بە (ئەنجومەنی فیدراڵی) ناو دەبرێت، نوێنەرانی هەرێم و ئەو پارێزگایانە لەخۆ دەگرێت کە ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە، پێکهاتە و مەرجەکانی ئەندامێتی و بواری تایبەتمەندێتیی ئەم ئەنجومەنە و هەرچی پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا ڕێک دەخرێت بە زۆرینەی دوو لە سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. واتە دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە پێوستی بە یاسایەکە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حکوومەتی هەرێم لە لایەک لە میانەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ئەم بابەتە باس بکات، لە لایەکی دیکەشەوە، نوێنەرانی کورد بۆ ئەم مەبەستە لە پەرلەمانی عێراق ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن”.

دکتۆر سانع هەروەها گوتی: “گرنگیی دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە دەستوورییە بۆ کورد لەوەدایە کە دەتوانێت ڕێگە لە حوکمی زۆرینە بگرێت و باڵانسێک لە نێوان کەمینە و زۆرینەدا دروست بکات، زیاتر لەمەش، کورد دەتوانێت ڕێگری لە هەر یاسایەک بکات کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان، یان بە مانایەکی تر هەرێمەکان و پارێزگان مافی ڤیتۆیان دەبێت، هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی کە ئەم ئەنجومەنانەیان هەیە، وەک ئوردن و کەنەدا و ئەمەریکا. جگە لەمەش، بوونی ئەم ئەنجومەنە وا دەکات کورد ڕێگە لە حکوومەتێکی مەرکەزیی نوغرۆ لە ھاوکێشە ئیقلیمییە ئاڵۆزەکان بگرێت کە بوونەتە کێشەی سەرەکی بۆ سەرچاوەی وزە، بەتایبەت گازی سروشتی، تەنانەت دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە.”

Back to top button