د. مەحموود عوسمان: پرسی بودجە و مووچە بە سیاسی کراوە

سیاسەتمەدارێکی کورد پێی وایە پرسی ناردنی مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەسیاسی کراوە، دەشڵێ: کورد نەتەوەی دووەمی عێراقە و نابێت پشتگوێ بخرێت سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بە ڕێککەوتنی سیاسی پرسەکە چارەسەر بکات.

د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد ڕایگەیاند: ڕاگرتنی مووچە و بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سیاسییە و پرسی ناردنی شایستەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە سیاسی کراوە لەلایەن بەغداوە، چونکە ئەمە لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پرسی یاسایی و کارگێڕی کراوە بە پرسێکی سیاسی و ھەر بە سیاسیش چارەسەر دەکرێت.

لەبارەی سەردانی سبەی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتی: ھیوادارم بگەنە ئەنجامێک لە دانوستانەکانی سبەی، پێموایە ھەنگاوێکی باشە سبەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەردانی بەغدا بکات.

د. مەحموود عوسمان ڕوونی کردەوە: پێویستە کورد یەکڕیزبێت بەرامبەر بەغدا و لێرەوە خۆیان ڕێکخەنەوە پێکەوە داواکاری خۆیان بگەیەننە بەغدا، ئەوەی دوێنێ لەناو پەرلەمانی عێراق ڕوویدا فراکسیۆنە کوردییەکان 100 ئیمزایان کۆکردەوە، ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە، دەبێت لەسەر ئەو پێکەوەکارکردنە بەردەوامبن، کورد نەتەوەی گەورە و پێکھاتەی دووەمی عێراقە نابێت پشتگوێ بخرێت.

Back to top button