د. نەھلە قادر: بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ٢٤ ترلیۆن دینار دەبێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بودجەی عێراق ١٩٧ ترلیۆن و ٨٨٢ ملیار دینارە و ٢٤ ترلیۆن دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت و پێشبینی دەکەین ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.

د نەھلە قادر ئەفەندی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: “سەبارەت بە بڕی بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ، بودجەی ئەمساڵی عێراق بەپێی ڕەشنووسی یاساکە، ١٩٧ ترلیۆن و ٨٨٢ ملیار دینارە، ھەروەھا بودجەی بەکارخستن زیاتر لە ١٥٠ ترلیۆن و ٢٧٣ ملیار دینارە و بودجەی وەبەرھێنانیش زیاتر لە ٤٧ ترلیۆن و ٥٥٥ ملیار دینارە، ھاوکات کورتھێنانی بودجەش زیاتر لە ٦٣ ترلیۆن و ٢٧٥ ملیار دینارە، ھەروەھا پشکی ھەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەکەدا ١٢.٦٧% دەبێت، کە دەکاتە زیاتر لە ٢٤ ترلیۆن دینار”.

نەھلە قادر گوتیشی: “لە ڕەشنووسەکەدا نرخی ھەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و بڕی ھەناردەکراویش لە نەوت لە ڕۆژێکدا سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل دەبێت، کە ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی لە نەوتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، سەبارەت بە ڕێوشوێنە یاسایییەکانی پەسەندکردنی بودجەش لە پەرلەمانی عێراق، پڕۆژە یاساکە گەیشتووەتە پەرلەمان، لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنەی داراییی پەرلەمان کراوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا لە ڕێککەوتی ٢٠٢٣/٤/٥ “.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: “لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدڕاڵدا کە بۆ ھەرسێ ساڵی داھاتوو (٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥) پشکی ھەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ١٢.٦٧٪ی جێگیر کراوە، ئەوەش تاوەکوو ئاماری دانیشتووانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت. ھەروەھا لە بەرامبەر ئەوە، ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کوردستان لەگەڵ سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی عێراق دەفرۆشرێ، نەوتی فرۆشراوی ھەرێمی کوردستان داھاتەکەی دەخرێتە سەر ھەژمارێکی ھاوبەش و پارەکە بۆ بودجەی گشتی عێراق دەبێت، کە لە بەرامبەری بەشی ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت”.

سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانیش، نەھلە قادر گوتی: “دوای بڕینی بودجەی نەفەقاتی سیادە و حاکمە، کە بۆ ھەموو دەروازەکانی عێراق بەو شێوەیە دەبێت، نیوەی داھاتی دەروازەکان بۆ ھەرێمی کوردستان خۆی دەبێت و لە سەرەتای حەفتەی داھاتوو پێشبینی دەکرێت بودجە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، کە دەنگدان بە پڕۆژەی بودجە بۆ سێ ساڵ دەبێت و ئەمەش کاریگەریی زۆر باشی دەبێت لەسەر ئابووریی عێراق و کوردستان”.

Back to top button