د.ڤیان سەبری: کار دەکەین بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستان

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: پارتی لەگەڵ یەکڕیزی لایەنە کوردیەکانە بۆ لەناوبردنی پیلانەکانی دژی خەڵکی کوردستان لەوانەش کۆتایی هێنان بە سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستان.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆن پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژناوانیدا ڕایگەیاند: فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکان دەکاتەوە، هەروەها پێکەوە کارکردنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو پیلانانەی دژی هەرێمی کوردستان دادەڕێژرێت کە دوایین پیلانیان ڕووداوەکانی کەرکووک بوو، پێشلی هەموو ڕێککەوتنەکان کراوە بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە، ئێمە دەمانەوێ پێکەوە بەگژ ئەو پیلانانەدا بچینەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی بێنین، هەرچی ڕێککەوتنی لەسەر کرا بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت جێبەجێ نەکرا.
د.ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمڕۆ 62 ساڵ بەسەر هەلگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا تێدەپەڕێت و وەک فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێن بە جەماوەری کوردستان و سەرۆک بارزانی دەدەین بەردەوام دەبین لەسەر ڕێباز و نەخشەڕێگای بارزانی نەمر بۆ درێژەدان بە خەبات.

Back to top button