رۆژانی داھاتوو پارتی خۆی تۆمار دەکات بۆ بەشداری لەھەڵبژاردنەکانی عێراق”

کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە لایەنە عێراقیەکان کرد بەمەبەستی بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناوی خۆیان لە کۆمسیۆن تۆمار بکەن، بەرپرسێکی ھەڵبژاردنەکانی پارتیش دەڵێ، خەریکی خۆ ئامادەکردنین و لەچەند ڕۆژی داھاتوو خۆمان تۆمار دەکەین.

نیازی حەمە عەزیز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەشی ھەڵبژاردنەکانی پارتی، ڕایگەیاند: “هێشتا پارتی لەھیچ پارێزگایەکی عێراق خۆی تۆمار نەکردوە بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ لە پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەشی ھەڵبژاردنی پارتیمان خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان بگرینەبەر بۆ خۆ تۆمارکردن.

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: ” لە ھەموو ئەو پارێزگایانەی کوردیان تێدایە پارتی لیست و کاندیدی بەھێزی دەبێت، بەڵام بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ خۆ تۆمارکردن چەند ڕۆژێکە دەرچووە و ھێشتا کاتمان لەبەردەمدا ماوە.

نیازی حەمە عەزیز گوتیشی: ” ڕاستە کۆتایی ئەمساڵ وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقە، بەگشتی ھێشتا ھیچ ھەنگاوێکی وەھا نەگیراوەتە بەر بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان، ئێمەیش وەک بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی گونجاو دەست بە ئامادەکاریەکان دەکەین، بەتایبەتی لە ھەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەوادا.

Back to top button