زانكۆلاین بۆ قوتابیانی 12ی ئامادەیی كارا دەكرێت

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم نمرەی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەسەرجەم بەشەكانیەوە ڕادەستی وەزیری خوێندنی باڵا كرد و بڕیار درا سیستمی زانكۆلاین لەنزیكترین كاتدا كارا بكرێت.

نمرەی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەهەرسێ بەشی زانستی و وێژەیی و پیشەیی، كە ژمارەیان (47 هەزار و 629) دەرچووە ڕادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرا بەمەبەستی كاركردن لەسەریان لەچوارچێوەی سیستمی زانكۆلاین بۆ خوێندن لەزانكۆ و پەیمانگەكان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پەروەردە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و د.ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا بەیاوەری راوێژكاران و بەرێوەبەری گشتییەكانی وەزارەتی پەروەردە، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی بەرێوەچوو.

وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە، لەمڕۆ بەدواوە ئەنجامی تاقیكردنەوە گشتییەكان، كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئاراستەی ئێمە كراون كاریان لەسەر دەكرێت و ئامادەكارییەكان دەست پێدەكرێن بۆ ئەوەی لە زووترین كات یوزەر و پاسوۆرد بۆ دەرچووان دروست بكرێن و ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە دەكرێنەوە.

جەختیشی كردەوە، كە سیستمی زانكۆلاین لەنزیكترین كاتدا كارا دەكرێت.

لەلایەن خۆشیەوە وەزیری پەروەردە لەپاڵ خستنەڕووی داتاكان و وردەكاری ژمارەی قوتابیان ئاماژەی بەسەركەوتنی پڕۆسەی ئەزموونەكانی 12ی ئامادەیی بەسەرجەم بەشەكان كرد و ئەو میكانیزمانەی شیكردەوە، كە وەزارەتی پەروەردە بۆ پڕۆسەی ئەزموونە گشتییەكان جێبەجێ كردون.

بەڕێوەبەرایەتی ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردە كۆی داتا و ئامارەكانی خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە زانستی و وێژەیی و پیشەیی لەساڵی خوێندنی (2022-2023) خستەڕوو، هاوكات ژمارەی دەرچووانی بەشەكانی زانستی و وێژەیی و پیشەییەكان و ڕێژەی نمرەی بەدەستهاتوی خوێندكاران خرانەڕوو، بۆ ئەوەش بەشداربووانی كۆبوونەوەكە هەڵسەنگاندێكی وردیان لەبارەی ڕێژەی دەرچووان و میكانیزمی تەرخان كردنی كوررسی خوێندن لەزانكۆ و پەیمانگەكان كرد.

Back to top button