زانیاری له‌سه‌ر پرسی مووچه‌ی مانگی چوار دوای ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ئاشكرا ده‌کرێت

هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وامن له‌ گفتوگۆ دەر‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان كه‌ 21 ڕۆژه‌ ڕاگیراوه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ توركیا و عێراق به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌و بارەیە‌وه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش له‌ لێژنه‌ی داراییی په‌رله‌مانی عێراق زانیاری ده‌خاته‌ ڕوو.

ماوه‌ی 21 ڕۆژه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان بۆ توركیا و له‌ویشه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جیهان ڕاگیراوه.‌ گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ توركیا هێشتا ڕه‌زامه‌ند نه‌بووه‌ به‌ ڕۆیشتنی نه‌وته‌كه‌، چونكه‌ به‌رپرسیاریه‌تیی دارایی كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رشان به‌هۆی بڕیاری دادگای پاریسه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت قه‌ره‌بووی حكوومه‌تی عێراق بكاته‌وه‌. له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ مووچه‌ی مانگی 4 دابین بكات، چونكه‌ داهاتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وته‌، به‌ڵام تا ئێستاش ڕێككه‌وتن له‌و بارەیه‌وه‌ له‌ نێوان توركیا و عێراق نه‌كراوه. سیپان شێروانی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ لێژنه‌ی دارایی، ڕایگەیاند: “به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان، هه‌ندێك ڕێكاری ماوه،‌ وا خه‌ریكن، زۆر ناخایه‌نێت و له‌ زووترین كاتدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌ست پێ ده‌كاتەوە.”

بۆ مووچه‌ی مانگی 4ی فه‌رمانبه‌رانیش گوتی: ده‌بێت به‌غدا سولفه‌یه‌ك بنێرێت بۆ كوردستان بۆ مانگی 4 و له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تی سوودانییشدا هاتووه‌ بۆ مانگی داهاتوو حكوومه‌تی عێراق ئه‌و پارەیە له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و له‌و بارەیه‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له‌ گفتوگۆدان و ئیشه‌ڵا نابێته‌ گرفت و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و موازه‌نه‌ش دوا ناکەوێت و په‌سه‌ند ده‌كرێت، له‌سه‌ر ئه‌و موازه‌نەیه‌ ده‌ڕۆین و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بێت ڕێگای دیكه‌ هه‌یه‌.

دەر‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێككه‌وتن كراوه‌ ڕۆژانه‌ هه‌رێمی كوردستان 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت و پاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژماره‌حسابێك كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم ته‌سه‌ڕوفاتی پێوه‌ ده‌كات، له‌ كاتێكدا ئێستا كوردستان نه‌وتی ڕاگیراوه‌، چۆن ئه‌و پارەیە‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ژمارەحسابە‌ كه‌ پاره‌كه‌ی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین ده‌كرێت؟ گوتی:  ئه‌و 400 هه‌زاره‌ وه‌ك به‌شێك له‌ ئیراداتی عێراق حساب كراوه‌ و مه‌رج نییه‌ ئیلا له‌و نه‌وتەی كوردستان فرۆشتویه‌تی پاره‌ی كوردستان بدرێت، كاتێك كه‌ حكوومه‌تی عێراق بودجه‌ په‌سه‌ند ده‌كات، ئیتر ئه‌و نه‌وتەی كوردستان چ ده‌ست پێ بكات، یان نه‌یكات، به‌شێك له‌ مادده‌یه‌ك له‌ بودجه‌كه‌ی عێراق پشكی كوردستانی دیاری كردووه‌ و له‌و بارەیە‌وه‌ هیچ گرفت نابێت

Back to top button