زیانی پەکەکە لەسەر هەرێمی کوردستان بە پارە ناخەمڵێنرێ

پەکەکە وازی لە تورکیا هێناوە و بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان چەکدارەکانی پەروەردە دەکات

((خۆر))-هۆشیار عەلی

پەکەکە، وەکوو شێرپەنجە چەکدارەکانی بەربوونەتە هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکانی ژیانیان لە رووی ئابووری گەشتوگووزار ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان تووشی زیان کردووە، لە روانگەی ئەو ڕێکخراوەشەوە، شەڕ لەگەڵ هەرێمی کوردستان واجبترە لە شەڕکردن لەگەڵ تورکیا، لەسەر ئەو روانگەیەش چەکدارەکانی پەروەردە دەکات.

پەکەکە نزیکەی 700 گوندی لە هەرێمی کوردستان داگیر کردووە

جگە لە زیانە زۆرەکانی بەر کەرتی گەشتیاری سامانی ژێر زەوی کەوتوون، پەکەکە تەنیا لە کەرتی کشتووکاڵ دا، زیانی ملیارەها دۆلاری لە هەرێمی کوردستان داوە، بەهۆی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستیەوە، نزیکەی ٧٠٠ گوندی هەرێمی کوردستان بەهۆی پەکەکەوە چۆڵ کراون و دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون. ئەو گوندانە لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانین، بەڵام زۆربەیان سەر بە پارێزگای دهۆکن.

بەشێوەیەک نزیکەی ٤٠٠ گوندیان لە پارێزگای دهۆک هەڵکەوتوون و زۆربەیان سەر بە دەڤەری ئامێدین. ئەگەر بە ڕێژەی سەدی باسی بکرێت، رووبەری دەڤەری ئامێدی کە 2716 کیلۆمەتری دووجایە، زیاتر لە 70٪ی لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراوە.

لە دەڤەری زاخۆ نزیکەی 150 گوند لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراوەو دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون. لەسەرجەم رووبەری سنووری زاخۆ کە 1378 کیلۆمەتری دووجایە، 30٪ی خاکەکەی لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراوە.

لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک بە گشتی، 34٪ی خاکی ئەو پارێزگایە کە دەکاتە 553 کیلۆمەتری دووجا، لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراوە و ناونراوە بە هەرێمی میدیا کە هیچ خێرو بێرێکی بۆ هەرێمی کوردستان نیە و بووەتە شوێنی تەراتێنی چەکدارەکانی پەکەکە.

پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش، پاش دهۆک لە ریزبەندی دووەمدایە. پەکەکە لە هەولێر 240 گوندی داگیر کردووە کە ژمارە زۆرەکەی سەر بە سۆران و  ژمارەیەکی دیکە لە چۆمان و ژمارەیەک گوندیش لە مێرگەسوون، کە هەموو ئەو گوندانە چۆڵکراون و ئێستا هیچ کشتوکاڵێکیان تیادا ناکرێ.

لەکاتێکدا بناری قەندیل بە جێگایەکی سەرەکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت بەڵام لەلایەن پەکەکەوە داگیرکراوە کە سەرکردایەتیەکەی لەوێدا خەریکی رابواردن و خواردنەوەن و چەکدارەکانیشیان بەربوونەتە گیانی ئەو خەڵکانەی کە هاوسنووری قەندیلن.

پەکەکە هەر بەو ناوچانەش نەوەستانەوە لە دوای ساڵی 2014، ئێستا لە شنگال و 8 گوندی سنووری شنگالیشی داگیر کردووە. زیانەکانی پەکەکە بۆ ئەو ناوچانە تەنها داگیر کردنیان نیە بەڵکوو بەهۆی پەکەکەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، کە 85٪ی ئاوارەکانی شنگال دەکات.

ئەوە جگە لە پارێزگای سلێمانی کە ئێستا نیوەی زیاتری کەوتووەتە دەست چەکدارەکانی پەکەکە و جگە لەوەی بوون بە پارێزەری وڵاتی ئێران، دەستیان بەسەر هەموو کارێکی قاچاخ و وەرگرتنی باج و سەرانەی ئەو پارێزگایە رووە و ئێران دا گرتووە.

پەکەکە لەو گوندانەدا چی دەکات؟

پەکەکە لەوکاتەی ئەو گوندانەی داگیر کردووە رێگا بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نادات ئاوەدانیان بکاتەوە. هەرچەند حکوومەتی هەرێم لە سەرەتای نەوەتەکانەوە، دەستی بە ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان کردوە، خزمەتگوزاریی بۆ دابین دەکردن ئەگەر لەو دۆخەدا نەبوونایە، بەڵام پەکەکە ئەو گوندانەی داگیرکردوە و وێرانی کردون. خاڵی پشکنینی لە دەوروبەری گوندەکان داناوە، باج لە دانیشتوانەکەی وەردەگرێت. بارەگای سەربازی و مەشق و راهێنانی چەکدارەکانی و مەقەڕی حیزبیی لێ دامەزراندوون و چەک و تەقەمەنییشیان تێدا دەشارێتەوەو کردونی بە سەربازگە.

هاوکات پەکەکە لەباتی چالاکی سەربازی، باجی لەسەر هاتووچۆو گواستنەوەی کەلوپەلەکان داناوەو هەرکەسیش ئامادە نەبیت باج بدات دەکوژرێ. پەکەکە ئەو ناوچانەی وەکوو مەنفەزێک بۆ قاچاخچێتی لەنێوان ئێران، عێراق و تورکیا بەکار دێنێت. بە واتایەکی دیکە ئەو ناوچانەی کردۆتە هێڵێکی ترانزیتی بۆ قاچاخی ماددەی هۆشبەر و ئەمەش چەندین جار لە لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتیەکاندا سەلمێندراوەو ئینتەرپۆلیش پشتڕاستی کردۆتەوە.

چەکدارەکانی پەکەکە سەرەڕای ئەو ستەم و زوڵمەی کە لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەیان دەکەن، بە شێوەیەکی وەحشیانەو بێ ڕەحمانە خەڵکی ئەو ناوچانە تەسفیە دەکەن کە داوای ماف و خاکی خۆیان دەکەن. بەسەدان کەس لەدانیشتووانی گوندەکانی ئامێدی و زاخۆ بوونەتە قوربانی.

Back to top button