زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەش دەکرێت

گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوە کرد: بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ دابەشکردنی زەوی خراوەتە بواری جێبەجێ کردن و ئەو خێزانانەی فەرمانیان هەیە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.

عادل حەمە ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەت فەرمانی دابەشکردنی زەوی بۆ زیاتر لە 11 هەزار خێزانی شەهیدان دەرکردووە و بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن و نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە تا ئێستا سوودمەندبوونە لە وەرگرتنی زەوی، پرۆسەکەش بەردەوام دەبێ تا هەموو ئەو خێزانانەی فەرمانیان هەیە زەوی وەردەگرن.

گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان گوتیشی: دواکەوتنی پرۆسەکە زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە سنووری هەندێ شارەوانی زەوی ئامادە نییە، بەڵام گشتاندن بۆ هەموو شارەوانییەکان کراوە زەوی ئامادە بکەن.

عادل حەمە ساڵح ڕوونی کردەوە: تا یەک خێزانی شەهید مابێ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت، بەڵام تا زەوی ئیفراز دەکرێت لەوانەیە لە هەموو شوێنێک وەک یەک دابەش نەکرێت، بەڵام  حکوومەت نایەڵێت مافی هیچ خێزانێکی شەهید بفەوتێت.

Back to top button