سامان بەرزنجی: دوو لە بریندارەکانی رووداوەکەی حەمدانییە لەهەرێم گیانیان لەدەستدا

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، مەسروور بارزانی، هەموو هاوکاری و چارەسەرێکی پێویستمان بۆ قوربانییانی رووداوەکەی قەزای حەمدانییە دابین کردووە، گوتیشی، تاوەکو ئێستا دوو لەبریندارەکان لەهەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەت، مەسروور بارزانی رایسپاردین، کە هەموو هاوکاری چارەسەرێکی پێویست بۆ قوربانییانی رووداوەکەی قەزای حەمدانییە دابین بکەین.

گوتیشی: دەستبەجێ تیمەکانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک زیاتر لە 36 ئەمبوڵانس و زیاتر لە چوار تۆن پێداویستی پزیشکی فریاگوزاری گەیەندرایە قەزای حەمدانییە، بۆ چارەسەرکردن و فریاگوزاری بۆ ئەو بریندارانەی کە برینەکانییان سووکە، هەروەها ئەوانی دیکەش دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر و دهۆک کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان لەبەرئەوەی سووتاون، رێژەی زۆربەیان لە 60% ، کە بەپلەی دوو و سێ کە باری تەندروستیان جێگیر نییە، ژمارەیەکی زۆریشیان پێویستیان بە چاودێری چڕە.

راشیگەیاند، بەداخەوە دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبوون، منداڵێکی چوارساڵان لە هەولێر و ئافرەتێکی تەمەن 30 ساڵانیش لە دهۆک گیانیان لەدەست داوە، دەشڵێت: تا ئێستا 47 بریندار لە هەولێر چارەسەر وەردەگرن، 20 برینداریش لە شاری دهۆک چارەسەر دەکرێن و تائێستاش ئەو بریندارانەی برینەکانییان سەختە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

شەوی رابردوو لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە قەزای حەمدانییە، ئاگرێک کەوتەوە کە بەسەدان کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، کە بەشێک لە بریندارەکان رەوانەی شاری هەولێر کران بۆ چارەسەرکردن. هاوکات مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرزوو ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی.

Back to top button