ساماڵ عەبدولڕەحمان: لە ھەوڵداین بەغدا بڕیاری داننان بە حەوت دەروازەی ھەرێمدا دەربکات

بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ھیچ دەروازەیەکی نافەرمی لە ھەرێمی کوردستان نییە و دەڵێ، ھەموو دەروازە سنوورییەکان فەرمین، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ دانپیانی بۆ حەوت دەروازە دەرنەکردووە و لە ھەوڵداین ئەوانیش دانپیانیان بۆ دەربکرێت.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ھەرێم، ڕاگەیاند: “ھەموو خاڵە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان فەرمین و ڕۆژانە بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاروبارەکانیان بەڕێوە دەچێت، لەڕێی دەروازە سنوورییەکان بۆ مەبەستی بازرگانی و گەشتیاری لەگەڵ وڵاتانی جیھان جووڵە ھەیە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ تا ئێستا دانی بە حەوت دەروازەی ھەرێمی کوردستاندا نەناوە.”

بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ھەرێم دەشڵێت: “ئێمە لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی کێشەی دانپیانانی ئەو حەوت دەروازەیە چارەسەر بکرێت و حکوومەتی فیدراڵ دانپیانانیان بۆ دەر بکات، چونکە لای ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان ھەموویان فەرمین”.

لەبارەی ڕێککەوتنی شاندی ھەرێم و دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ساماڵ عەبدولڕەحمان ڕوونی کردەوە: “من ئەندامی شاندی دانوستانکاری ھەرێم نەبووم تا زانیاریم ھەبێت لەسەر ئەو پرسە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە ھەوڵدا بووە بۆ ئەوەی بەغداش دانپیانان بۆ دەروازە سنوورییەکان دەربکات، چونکە ئێمە ھیچ دەروازەیەکی نافەرمیمان لە ھەرێم نییە”.

Back to top button