سبەی لە هەولێر یادی شۆڕشی ئەیلوول بە بەرزی دەکرێتەوە

ڕیارە سبەی ڕۆژی دووشەممە بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٦٢ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە شارەدێی بەحرکە مەراسیمێک بەڕێوەبچێت و تێیدا ڕێزلێنان پێشکەش بە ژمارەیەک پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بکرێت.

زەیتۆ سەعید گەزنەیی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە بەحرکە ڕایگەیاند: سبەی ڕۆژی دووشەممە ٦٢ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر تێدەپەڕێت، بەو بۆنەیەوە مەراسیمێک بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بەڕێوەدەچێت و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسانی حزبی و حکوومی و جەماوەری ناوچەکە بەشداری دەکەن و چەندین چالاکی لەخۆ دەگرێ.

بەرپرسەکەی پارتی گوتی: لە مەراسیمەکەدا ڕێزلێنان پێشکەش بە ژمارەیەکی بەرچاوی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول دەکرێت و بە وردی تیشک دەخرێتە سەر ھۆکارەکانی بەرپاکردنی شۆڕش و بەرگری و قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان لەپێناو بەدەست ھێنانی مافە ڕەواکانیان.

زەیتۆ سەعید گەزنەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنە، بەدرێژایی ١١ ساڵی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و جەماوەری کوردستان بەگژ زۆڵم و ستەمی حکوومەتی ئەوکاتی عێراقدا چوونەوە بە ھەموو پێکھاتە و بۆچوونە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بەشدارییان لە شۆڕش کرد و سەرەنجام حکوومەتی ئەو کاتی عێراقی ناچارکرد ڕێککەوتنی ١١ی ئادار ئیمزا بکات و دان بە بەشێکی زۆری مافەکانی گەلی کورددا بنێت.

Back to top button