سلێمانی هاوشێوەی كەركووك لە ژێر مەترسیی فرۆشتندایە

((خۆر))-شاڵاو عەلی

ئەو ڕەوتە خۆفرۆش و پۆپۆلیستەی كە دەستیان بەسەر شاری سلێمانیدا گرتووە، پیلانێكیان داڕشتووە تاوەكوو بە پاساوی بە هەرێمكردنەوە، شارەكە هاوشێوەی كەركووك بفرۆشن.
لە سایەی ئەو تاقمە خۆفرۆشە، سلێمانییەكان هەست بە نائارامی دەكەن. لەمبارەیەوە د. سالار تاوه‌گۆزی، مامۆستای زانكۆ دەڵێت: “من ئه‌زمونی ژیانم له‌ سلێمانی هه‌یه‌، واقعی شاره‌كه‌م بینوه‌، بۆیه‌ نه‌متوانی لە واقیعی له‌و شاره‌ بژیم، كه‌شێك خولقاوه‌ جۆرێك له‌ تاكڕەوی له‌ بیركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، واته‌ كەلتوورێك دروستكراوه‌ ده‌بێت به‌ ئاراسته‌ی ئه‌و كەلتوورە بڕۆیت ئەگینا ناچار بە جێهێشتنی شارەكە دەكرێیت و ناشرین و تۆمەتت بۆ هەڵدەبەسترێت، ئەگەریش ڕازی بیت، ده‌چیته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ كە كاریان ناوزڕاندن و تەشهیركردن به‌ كه‌سانی دانسقە و نوخبه‌یە، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیان ناگونجێن و به ‌مه‌به‌ست بێت یان نامه‌به‌ست، رۆحیەتی شارچیه‌تی لە نێویاندا دروست كراوە و بڵاو كراوه‌ته‌وه“.
سلێمانی لە بنەڕەتدا وانەبووە و خەڵكە ڕەسەنەكەی شارەكە لەم كەلتوورە بێزار بوون، بۆیە یان بێ ده‌نگییان هەڵبژاردووە، یانیش چوون بۆ ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی، چونكە كەلتووری تازەی شارەكە هەر ڕۆژەی بە شێوەیەك دەگۆڕدرێت كە نامۆیە بە ئەسڵی ئەو شارە، دوایینیشیان پێدانی كەلتوورێكی ئایینییە.
هەروەك مامۆستاكەی زانكۆ دەڵێت، ئەگەر دۆخی سلێمانی بەم شێوەیە بەردەوام بێت و پاشەكشەی ڕۆشنبیران لە شارەكە زیاتر برەو بسێنێت و سنوورێك بۆ ئیڕهابی فیكری دانەنرێت، ئەوا شارەكە بەدەست پۆپۆلیستەكانەوە چارەنووسی باشی نابێت. ئەوەتا دەبینین خەڵكی شارەكە سەرقاڵكراون بە ململانێیەكی حزبی و بەرامبەر بە حزبێكی دیاریكراو پڕكراون، ئەوانیش لە پەناوە ژەهری خۆیان بەسەر سلێمانیدا دەڕێژن.
ئەو ئیڕهابە فكرییە سەرەتا لە نێو گرووپێكدا سەری هەڵدا كە خۆیان پێ ئۆپۆزسیۆن بوو، دواتریش لە نێو حزبێكدا گەشەی پێدرا و دەرئەنجامەكەی ئەوەیە كە پەلاماری هەموو شتێكی جوان دەدەن، دوایینیان پەلاماردانی جووتیارە نموونەییەكەی هەڵەبجەیە تەنیا لەبەر ئەوەی گەشتێكی كردووە بە دڵی ئەوان نەبووە.
سالار تاوەگۆزی ئاماژەی بەوەش كرد، كۆمەڵێك دەموچاوی نامۆ لە سلێمانی هەن كە خەریكی عێراقچێتین، سلێمانی بۆ خزمەتی ئەملا و ئەولا بەكار دێنن، ”ئەمەش مه‌ترسییه‌ بۆ سەر شاره‌كه‌، چونكه‌ سلێمانی به‌ شاری هەڵمەت و قوربانی ناسراوە، كەچی ئه‌م ڕەوتە خۆفرۆشه‌ ده‌یه‌وێت سلێمانیش بفرۆشێت وه‌ك كه‌ركووك.
هۆشداریشی دا كە ئەگەر سلێمانییە ڕەسەنەكان ڕووبەڕووی ئەم ڕەوتە نەبنەوە، ئاینده‌ی شارەكەیان خراپ دەبێت و وەك سەنعای یەمەنی لێدێت و هاوشێوەی كەركووك دەفرۆشرێت.

Back to top button