سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان بانگهێشتی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا دەکرێت

مەسروور بارزانى، سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئیبراهیم ئەلزاهری، كونسوڵى گشتیى ئیمارات له‌ هه‌رێمى كوردستان کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی ئیمارات، بانگهێشتنامەی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆک دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بە سەرۆکوەزیران گەیاند بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا COP28 کە رۆژانى یەک و دووی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ له‌ شارى دوبه‌ى ئه‌نجام دەدرێت و هاوکاتە له‌گه‌ڵ رۆژى نیشتمانیى دەوڵەتی ئیمارات.

ئاماژە بەوەشدرا، لەو لوتکەیەدا گفتوگۆ لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر وڵاتانی جیهان دەکرێت.

Back to top button