سیروان تۆفیق: بڕیارە بۆ نەورۆز 113 کۆمپانیا لە ئێرانەوە گەشتیار بێننە ھەرێمی کوردستان

سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گشتیی گەشتوگوزار،  ڕاگەیاند: “ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری دەیانەوێ گەشتیار لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بگوازنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و 113 کۆمپانیا لە ئێرانەوە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ھێنانی گەشتیار، ئێمەیش وەک دەستەی گەشتوگوزار پێشوازی لە ھەنگاوی ئەو کۆمپانییە ئێرانییانە دەکەین، کە گەشتیار لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دێننە ھەرێمی کوردستان.”

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن دەشڵێت: “بڕیارە بۆ جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ کۆمپانییە ئێرانییەکان دەست بە ھێنانی گەشتیار بکەین لە ئێرانەوە بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمەیش کاریگەریی لەسەر کەرتی گەشتیاری دەبێت، بەتایبەت ڕێژەی گەشتیاری ئێرانی پێشتر تەنیا 5%ی گەشتیاری بیانی پێک ھاتبوو، بەڵام بە ھێنانی گرووپی گەشتیاری لە ئێرانەوە بەرەو ھەڵکشان دەچێت.”

سیروان تۆفیق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “یەکێک لە پلانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەنێودەوڵەتیکردنی کەرتی گەشتیارییە لە ھەرێمی کوردستان، ھەنگاوەکان بۆ ھێنانی گەشتیاری بیانی بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و ھاوکاری و کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی گەشتوگوزار دەکرێت ئەوانەی کار لە ھێنانی گەشتیاری بیانی دەکەن.”

 

Back to top button