سیستەمی بایۆمەتری بۆ پارێزەران ئەنجام دەدرێت

سەندیکای پارێزەران گومانی لە ھەزار پارێزەر ھەیە فەرمانبەری حکوومەتبن کە مەرجی سەندیکایە ئەندامەکانی نابێت فەرمانبەربن، سەرۆکی لقی ھەولێریش دەڵێ: ھەر پارێزەرێک بایۆمەتری نەکات پسوولەی بۆ نوێ ناکرێتەوە.

ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای پارێزەران  رایگەیاند: سەندیکای پارێزەران دامەزراوەیەکی یاساییە و ھەر کەسێک ئەندامی سەندیکابێت نابێت لە ھیچ دەزگایەکی حکوومەت فەرمانبەر بێت ئەمە مەرجی سەرەکی ئەندامیەتی سەندیکای پارێزەرانە، لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ١٧ ھەزار پارێزەر ئەندامن لە سەندیکا، ژمارەیەکی زۆری پارێزەرانیش ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراقن، ئێمە ھەست دەکەین ژمارەیەکی زۆری پارێزەران ئەندامی سەندیکان و لەھەمان کاتدا فەرمانبەری حکوومەتن.

بەرپرسەکەی پارێزەران گوتی: گەیشتینە ئەو باوەڕەی سیستەمی بایۆمەتری باشترین چارەسەرە بۆ جیاکردنەوەی پارێزەری ڕاستەقینە لەگەڵ فەرمانبەری حکوومەت، بڕیار درا ھەموو پارێزەران خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار بکەن و ماوەی دوو مانگیان لەبەردەمە بۆ ئەنجامدانی سیستەمی بایۆمەتری.

ئەیاد کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد” ھەر پارێزەرێک ئەمساڵ بایۆمەتری نەکات سەندیکای پارێزەران پسوولەی پارێزەرایەتی بۆ نوێ ناکاتەوە، چونکە نابێت کەسێک پارێزەر بێت لەھەمان کاتیشدا فەرمابنەری حکوومەت بێت، لە بایۆمەتری پارێزەری ڕاستەقینە دەردەکەوێت و مافی پارێزەر پارێزراو دەبێت، ئێمە لە خانەنشینیش جیاوازیمان ھەیە و ھەر پارێزەرێک خانەنشین ببێت مووچەیەکی یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دیناری بۆ تەرخان دەکرێت، بە مەزەندەی خۆم ھەزار پارێزەر ھەیە فەرمانبەری حکوومەت یان دەزگا ئەمنییەکان بن.

Back to top button