سیستەمی ڤیزای ئەلیكترۆنی دەكەوێتەكار

حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەچوارچێوەی هەنگاوەكانیان بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین، پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیكترۆنی دەخرێتەكار، كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە خاوەندارێتی دەكرێت و لەو رێگەیەوە سەردانیكەران دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین ڤیزا دەستەبەر بكەن.

هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری، بە پێگەی فەرمی حكومەتی راگەیاندووە، ئامانجی سەرەكی لە دانانی ئەم سیستەمە، ئاسانكاری كردنە بۆ هاتنی سەرمایەو سەرمایەداری بیانی بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی گەشتیاران و وەبەرهێنەران و ئەوانەی بەپێی یاسا بۆیان هەیە بەبێ ڤیزای پێشوەختە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، لە ڕێگەی سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە، كە لەسەر پۆرتاڵی حكومەتی هەریمی كوردستان (GOV.KRD) بەردەست دەبێت، خۆیان بتوانن بەماوەی كەمتر لە چەند خولەكێك ئەو ڤیزایە وەربگرن و هەر لەوكاتەدا ئەو بڕە پارەیەش دەدات كە لەسەریەتی، كە بەم سیستەمە و بەماوەیەكی زۆر كەم ڤیزایەكەی بە ڕیگای ئیمەیڵ لەسەر شاشە بۆی دەگەڕێتەوە.

پۆرتاڵەكە تایبەتە بەو كەسانەی كە دەیانەوێت بۆ گەشتوگوزار، كاركردن یان وەبەرهێنان لە سەرتاسەری جیهانەوە داواكاری بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكەن، ئەمەش پرۆسەی داواكاریی وەرگرتنی ڤیزا، ئاسانترو خێراتر دەكات.

د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لەبارەی گرنگی و تایبەتمەندی سیستەمەكەوە رایگەیاندووە، ئەم سیستەمە كۆمەڵیك تایبەتمەندی هەیە، لەوانە بۆ یەكەم جارە كارمەندانی تەكنیكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیارین، دەتوانن پرۆژەیەكی وا گرنگ بەتوانای ناوخۆیی بخەنە سەرپێ، هەموو ئەو سیستەمە بە توانای ناوخۆیی درووستكراوە و خراوەتە خزمەت وەزارەتی ناوخۆ، ئەو تیمانەی وەزارەتیش راهێنانی پێویستیان وەرگرتووە، بۆیە لەمەولا ئەو میوانە بەڕێزانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، كەسایەتی یان كۆمپانیا و شاند بن، دەتوانن لە ڕیگەی ئەم سیستەمە و لە پۆرتاڵی حكومەتەوە، داواكاری خۆیان پێشكەش بكەن، بۆ وەرگرتنی ڤیزا.

لەبارەی كاری ئەم سیستەمەوە بۆ كارئاسانی گەشتیاران و كەسانی بیانی بۆ ناو سنوری هەرێمی كوردستان، ئیحسان جەعفەر، بەڕێوەبەری ڤیزا لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، پێشتر كەسانی بیانی كە لە وڵاتی خۆیان و لە شوێنی خۆیانەوە داوای ڤیزایان دەكرد، دەبووایە لێرە كەسێك داواكاریی وەرگرتنی ڤیزای بۆ پێشكەش بكردنایە، كە بە زۆر هەنگاوی ورد دا تێدەپەڕی، ئێستا ئەو هەنگاوانە نەماون و تەنیا بە یەك هەنگاو دەتوانین ڤیزا بەو كەسانە بدەین، كە دەیانەوێت سەردانی كوردستان بكەن.

Back to top button