سەرتیپ خالید: بەپێی مەرج و ڕێنمایی زەوی سندووقی ڕێگەپێدانی پێدەدرێ

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، مەرج و ڕێنمایی پێویست بۆ ڕێگەپێدانی خانوو لەسەر زەوی سندووقی دەرچووە و لەھەموو قەزاو ناحیەکان لیژنە پێکهێندراوە، ھەرکەسێک زەوییەکەی مەرج و ڕێنماییەکانی تێدابێت دەتوانێت سوودمەندبێت بۆ دروستکردنی خانوو.

سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر  رایگەیاند: بڕیاری ڕێپێدانی خانوو بۆ زەوی سندووقی بە دەرکردنی چەند ڕێنماییەک کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن، چونکە لەزۆرەی شوێنەکان ژمارەیەکی بەرچاوی زەوی سندووقی ھەن، خەڵکیش داوای ڕێپێدانیان دەکرد بۆ دروست کردنی خانوو لەسەر ئەو زەوییانە، لیژنەیەکی باڵا لە دیوانی پارێزگای هەولێر پێک ھاتووە، لە سنوری قەزاو ناحیەکانیش لیژنەی لاوەکی پێک ھاتوون.

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر گوتیشی:  قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان سەرۆکایەتی لیژنەی رێپێدان دەکەن و لایەنەکانی دیکەی وەک شارەوانی، پۆلیس و کشتوکاڵ ئەندامن لە لیژنەکان، مەرج و ڕێنماییەکان دراونەتە قەزاو ناحیەکان بۆ ئەوەی ھاوڵاتییان سوودمەندبن لە بڕیاری حکوومەت.

سەرتیپ خالید ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: خاوەنەکانی زەوییە سندووقییەکان دەتوانن لە ڕێگەی فۆڕم و بەپێی مەرج  ڕێنماییەکانی حکوومەت داوای ڕێگەپێدان بکەن بۆ دروستکردنی خانوو.
ئێستا ھاووڵاتییان دەتوانن سەردانی یەکەی ئیداری شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بکەن و دوای پڕکردنەوەی فۆرمەکە و ڕێگەپێدان، دەتوانن دەست بە دروستکردنی خانوو بکەن و دواتر لەسەریان تاپۆ دەکرێت.

Back to top button