سەرتیپ خالید: لەسەر فەرمانی داواکاری گشتی زەوی کارت مۆڵەتی خانووی پێدەدرێت

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر ئاشکرایکرد: دوێنێ داواکاری گشتی نووسراوی فەرمیی ناردووە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەسەر ئەو زەویانەی کارتن و تاپۆ نەکراون بکرێتەوە، گوتیشی: لە ڕۆژانی ئایندەدا بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر ڕایگەیاند: پێشتر بە بڕیاری داواکاری گشتی دروستکردنی خانوو لەسەر ئەو زەویانەی کارتن ڕاگیرابوو، شارەوانیش مۆڵەتی دروستکردنی خانووی لەسەر ئەو زەویانە ڕاگرتبوو، بەڵام داواکاری گشتی دوێنێ بە نووسراوی فەرمیی ئێمەی ئاگادار کردووەتەوە بۆ کردنەوەی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی کارت، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا گشتاندن بۆ ھەموو شارەوانییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە پێدانی مۆڵەت بکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر گوتیشی: داواکاری گشتی ھەندێ مەرجی داناون بۆ پێدانی مۆڵەت بەو زەویانەی کارتن، ئەویش ئەنجامدانی وردبینی لە زەویەکە و ھەبوونی نەخشەی کەرتی، بەپێی ڕێکارە یاساییەکان دەرگای پێدانی مۆڵەت دەکرێتەوە.
سەتیپ خالید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ژمارەی ئەو زەویانەی کارتن و داواکارییان لەسەرە بۆ دروستکردنی خانوو زۆرن و لە سنووری زۆربەی شارەوانییەکانی ئێمە زەوی کارت ھەن، بە کردنەوەی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییان سوودمەند دەبن، بەتایبەتی ئەوانەی چاوەڕێی پێدانی مۆڵەت بوون بۆ دروستکردنی خانوو.

Back to top button