سەردانی سەرۆکی حکوومەت دەرفەتێکی باشە بۆ هاتنی کۆمپانیاکانی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاشکرای کرد، بڕیارە شاندێکی کۆمپانیاکانی وڵاتی فەرەنسا بێنە هەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ ئەو وڵاتە.

عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، ڕایگەیاند: ”دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی فەرەنسا بڕیار وایە شاندێکی کۆمپانیاکانی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام تاوەکوو ئێستا وادەی سەردانەکە دیاری نەکراوە، چونکە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا داوای لە دەزگای بازرگانیی فەرەنسا کردبوو بێن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەوانیش ڕەزامەندییان داوە سەردان بکەن.”

عەلی دۆڵەمەری گوتیشی: ”ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە بێن لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان بکەن و هەرێمی کوردستانیش بۆ کارکردن زۆر گونجاوترە لە عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە و بێنە هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکرێت، بۆیە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر باش و ئیجابی بوو.”

Back to top button