سەردانەکانی سەرۆکی حکوومەت بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی ئیمارات بێن لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان بکەن

بەڕێوەبەری مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، سەردانەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات گرنگیی زۆری هەبووە و لینکێکی باشی دروست کردووە لە نێوان هەرێم و ئیمارات و بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی ئیمارات بێن لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان بکەن، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزار.

بەڕێوەبەری مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر هەڤاڵ سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلان و بەرنامەی ئەوە بووە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان دروست بکرێت بە مەبەستی هێنانی وەبەرهێنەرانی بیانی، لەوانە وڵاتی ئیمارات کە سەرۆکی حکوومەت چەندین جار سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و لە زۆر کۆڕبەند بەشدار بووە و ئەوانیش سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەسەر ئاستی حکوومی و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان، چونکە چەندین کۆمپانیایان هاتوون و مۆڵەتیشمان پێ داون وەبەرهێنان بکەن لە هەرێمی کوردستان، ئەوان دیانەوێت زیاتر لە دوو بوار کار بکەن کە بریتین لە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار .

دکتۆر هەڤاڵ سدیق گوتیشی: ”بەم دواییانەش کۆمپانیایەک هاتە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای سەردانی ساڵی ڕابردووی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئیمارات و لە زاخۆ پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیی زۆر گرنگ جێبەجێ دەکات، ئەو پەیوەندییانەی دروست بوون و هاتنی کۆمپانیاکانی ئیمارات بۆ ئەوە دەگەرێتەوە سەرۆکی حکوومەت لینکێکی  باشی لە نێوان هەرێم و ئیمارات دروست کردووە.

سدیق باسی لەوەش کرد: سێ مۆڵەتی پڕۆژە دراوە بە کۆمپانیا ئیماراتییەکان و ئێستاش داواکاری و پرۆپۆزەڵیان پێشکەش کردووە و پێیان خۆشە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پڕۆژە جێبەجێ بکەن و سەردانی بەردەوام دەکەن بۆ ئەوەی کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

گووتیشی: ”ئێمە سوودمان لە ئەزموونی  وەرگرتووە وەکوو حکوومەت و وەبەرهێنانیش، چونکە شوێنکی جوگرافیی باشیان هەیە و سەنتەرێکی بازرگانین، بۆیە سوودمان لە سەردانەکان بینیوە.”

Back to top button