سەرما كۆتایی دێت

بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، ئەو شەپۆلە سەرماییەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە كۆتایی دێت پلەكانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەن و لە هەندێك ناوچە دەگاتە 23 پلەی سەدی.

 

ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، كاتەكانی ئەمشەو بۆ بەرەبەیانی سبەی پێنج شەمە 16-2-2023 بەفرو بارانێكی كەم ماوە بەشێكی ناوچەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و ناوچە شاخاوییەكانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە بۆ سبەی نیوەڕۆ كۆتایی دێت، بەڵام كاریگەری بارستە هەوا ساردەكەی باكوری ناوچەكە تا ڕۆژی هەینی 17-2—2023 بەردەوامی ئەبێت و پلەكانی گەرما بە جێگیری ئەمێننەوە.

 

ئەو شارەزاییەی بواری كەشناسی باسی لەوەش كرد، لە سەرەتای هەفتەی ئایندەوە ڕۆژی شەممە 18-2-2023 لە ئەنجامی درێژبوونەوە بەرزە پاڵەپەستۆیەكی ژێر گەرم لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپاوە بۆ سەر تەواوی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەنجامدا كاریگەری ئەو بارستە هەوا ساردانەی ماوەیەكی زۆرە لە باكووری ناوچەكە جێگیر بووە دەكشێتەوە بۆ سەرەوە و پلەكانی گەرما لە ڕۆژی شەممەوە تا كۆتایی هەفتە رۆژی پێنج شەممە 23-2-2023 ڕۆژانە چەند پلەیەك بەرزبوونەوە بەخۆییەوە ئەبینێت، لە هەندێك ناوچە تاوەكو 23 پلەی سەدی دەڕوات.

Back to top button