سەرنووسەری ڕۆژنامەی (الصباح): حزبەكانی سلێمانی بابەتی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانیان ورووژاندووە

ئەحمەد عبدالحسین، سەرنووسەری رۆژنامەی (الصباح)ی سەر بە حكوومەتی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە وەك جۆرێك لە پۆزشهێنانەوە بەرامبەر ئەو راپۆرتەی لە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بڵاویان كردبووەوە، باسی لەوە كرد كە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حزبەكان سلێمانییەوە ورووژێندراوە.

ئەحمەد عبدالحسین لە روونكردنەوەكەیدا جگە لەوەی كۆمەڵێك پاساوی بۆ بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەیان هێناوەتەوە و هەوڵی داوە بەرپرسیارێتی لەسەر خۆی و ڕۆژنامەكەی لابدات و بیخاتە ئەستۆی ئەو سەنتەرەی كە بە گوتەی خۆیان راپرسیی كردووە! هاوكات ئاشكرای كردووە كە پێش ئەوان، هەندێك حزب ”بە دیاریكراوی لە سلێمانی“ بابەتی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانیان ورووژاندووە.

هاوكات ئەوەی رەت كردووەتەوە كە ئەو كەسانەی بۆچوونی خۆیان لە راپۆرتەكەدا دەربڕیوە، گوزارشت لە بۆچوونی رۆژنامەكە بكەن و نووسیویەتی: ”هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكی و ئازیزی دەوڵەتی عێراقە، لە ڕووی پێكهاتە و جوگرافیا و چارەنووسی هاوبەشەوە، رێگەپێدراو نییە هیچ سووكایەتییەك بە گەلی كوردستان و نوێنەرایەتییە سیاسییەكانی بكرێت.“

هەر پاش بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە، دوێنێ شەممە 18ی شوباتی 2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد: ”ئەم سەنتەر و بەناو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەکە پشتی پێ بەستووە، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش ڕۆژنامەی (الصباح) و ئەوانەی لە پشتییەوەن، باوەڕیان بە ڕاپرسییە، لە 25ی سێپتەمبەری 2017، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان، لە گەورەترین ڕاپرسی و ڕیفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێکی ئازاددا، قسەی خۆیان کرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی بەغدا، بە هێرشی سەربازی و بەکارهێنانی سوپا لە دژی خەڵکی کوردستان و گەمارۆدان، وەڵامی ڕیفراندۆم و ڕای خەڵکیان دایەوە.“

ئەوەشی دووپات كردەوە: ”خەڵکی پارێزگاکانی عێراق، خۆیان شایەدی دەدەن کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و خزمەتگوزارییەوە، بە چەندین ساڵ لە پێش ناوچەکانی دیکەی عێراقەوەیە، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێک کە لە هەموو بوارەکاندا وێران و کاول بووە! هەرێمی کوردستان ، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نووسینی ڕۆژنامەیەکی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە!“

Back to top button