سەرۆكی حكوومەت لە ڕێگەی هێزێكی تایبەتەوە دەستی قاچاخچییەكان لە دەروازە سنوورییەكان دەبڕێت

((خۆر)) شاڵاو عەلی

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دروستكردنی هێزێكی تایبەتی دەركردووە و لایەنە پەیوەندیدارەكان و پسپۆڕانیش پێیانوایە لەم ڕێگەیەوە قاچاخچێتیی مەرزەكان تاڕادەیەكی زۆر كەم دەبێتەوە.
ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان رای گەیاند، گومرگ لە دەروازە سنوورییەکان بە سیستەم کار دەکات و رێگا بە قاچاغچێتی نادات، ئەو قاچاغەی دەکرێ لە دەرەوەی سیستەمی گومرگ لە دەروازەکان دەکرێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان هەروەها رایگەیاندووە، پێکهێنانی هێزێکی سەربازی و ئەمنی بۆ رێگرتن لە قاچاغیی دەروازە سنوورییەکان ”كاریگەری ئەرێنی“ی لەسەر داهاتی دەروازەکان و رێکخستنەوەی جووڵەی بازرگانی، دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەكان بە ئاماژەکردن بەوەی هەماهەنگی لەگەڵ هێزە هاوبەشەکە دەکەن، رایگەیاندووە، رێگریكردن لە حاڵەتەکانی قاچاغچێتی لە دەروازە سنوورییەکان تەنیا ئەركی گومرگەكان نییە، ”بەڵكو ئەركی ھەموو ھێزەكانە، وەك پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی سنوور“.
لە لایەن خۆشیەوە هۆشمەند ڕەفیق، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری پێیوایە: “گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێكی یاسایی بە شێوەی كرداری بۆ دەستخستنی داهاتی زیاتر و رێگەگرتن لە بەفێڕۆدانی سامانی وڵات، هەنگاوێكی باشە و مایەی خۆشحاڵییە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە دۆخێكی ئاوادا كە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە گرنگ یاسای چاکسازی جێبەجێ بکرێت”.
ڕاشی گەیاند: “ئەو پڕۆسەیەی چاكسازی لە دەروازە سنوورییەكان و بڕینی مووچە نایاساییەكان دەستی پێ كردووە، دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی داهاتی هەرێمی كوردستان و ئەوەی ئێستا دەست کراوە بە رێگریكردن لە گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەكا، هەنگاوێكی زۆر باشە”.
ئەوەشی خستە ڕوو: “لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە داهاتێكی زۆر دەڕوات و ناگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەت، بۆیە بەم چاكسازییەش و پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ دەروازە سنورییەكان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە وا دەكات دەروازەكان پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت بن ئەو داهاتەی لەڕێگای دەروازەكانەوە بگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەت بەمەش داهاتی ناوخۆ بەرز دەبێتەوە”.
هۆشمەند ڕەفیق ئاماژەی بەوەش دا: “هەم هەنگاوەی چاكسازی وا دەكات قەبارەی داهاتی هەرێمی كوردستان زیاتر بێت و لە پێدانی مووچە و خەرجییە گشتییەكانیشدا چیتر پشت بە بەغدا نەبەستین، بەڵكوو پشت بە داهاتی ناوخۆیی خۆمان ببەستین و بتوانین هەرێمی کوردستان بە داهاتی خۆمان بەڕێوە بەرین”.
لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە 7-1-2021ـی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، ئەنجومەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی بۆ دروستکردنی هێزێکی تایبەت و هاوبەش، راسپارد.
ئەرکی هێزە هاوبەشەکە رێگرتنە لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

Back to top button