سەرۆك بارزانی لەگەڵ زانایانی ئایینی و كەسایەتی و ڕیشسپیان و كاسبكارانی دهۆك كۆبۆوە

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 21ی ئابی 2023 لە شاری دهۆك سەرۆك بارزانی لەگەڵ زانایانی ئایینی و كەسایەتی و ڕیشسپی و كاسبكارانی دهۆك كۆبۆوە

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و لە سەرەتای قسەكانیدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێم و ڕایگەیاند كە هەمیشە كاری بۆ ئەوە كردووە و خوازیارە كە یەكبوون و یەكڕیزی لەناو لایەنە سیاسییەكاندا هەبێت چونكە سەركەوتن لە یەكبوون دایە. بەڵام مەرجی سەرەكیی یەكبوون، بڕوابوونی هەموو لایەكە بە سەرفیرازیی گەلی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی هەوڵدان بۆ لەناوبردن و پەراوێزخستنی گەلی كوردستان لە لایەن دەوڵەتی عێراق لە سەدەی ڕابردوو، باسی لەوە كرد كە دوای 2003 دەرفەتێكی باش هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوازون و تەوافوق و پابەندبوون بە دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن بەڵام جێگەی داخە كە هەتا ئێستاش ڕێز لە دەستوور و ڕێككەوتنەكان ناگیرێت و لەڕێگەی دەسكاریكردنی یاساكان هەندێ هەوڵ لەئارادان بۆ لاوازكردن یان نەهێشتنی هەرێمی كوردستان. ڕاشیگەیاند ئیدی ئەو ڕۆژە نەما كەسێك بتوانێ كار بۆ نەهێشتنی كیانی هەرێمی كوردستان بكات كە بەرهەمی خەباتی گەلی كوردستانە.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ ئامادەبوان شیكردەوە كە پێویستە گەلی كوردستان پشت بەخۆی و تواناکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەتی هەرێم لە بەرنامەیدایە كە سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات و دەرفەتی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت.

لەدرێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لەو تەوژمە دوژمنكارییە كرد كە بەنیازی بڵاوكردنەوەی نائومێدی و نەهێشتنی هەستی نیشتیمانپەروەری و هەروەها مەترسی بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەرن لەناو خەڵكدا.

پەیوەست بەو باسەوە سەرۆك بارزانی داوای لە زانایانی ئایینی و مامۆستایان كرد كە كار بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و قووڵتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتی و دینداریی ڕاستەقینە و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی بكەن.

لەبەشی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا دەرگەی گفتوگۆ كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و پێشنیاری ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی دایەوە.

Back to top button