سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەكات

لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریاكرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ ماتیۆ ماكفەرلین فەرماندەی پێشوو و جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.

لە دیدارەكەدا جەنەڕاڵ ماكفەرلین كە كۆتایی بە ئەركەكانی هاتووە و بۆ ماڵئاوایی و ناساندنی فەرماندەی تازەی هێزی هاوپەیمانان سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند كە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەیەكی سەركەوتوو كاری هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە لە قۆناغی داهاتووشدا هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستاندا لە هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی جەنەراڵ ماكفەرلینی كرد و بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و دووپاتی هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانانی كردەوە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا ئیرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادە بوو كە كۆتایی بە ئەركەكانی لە هەرێمی كوردستان هاتووە و ماڵئاوایی لە سەرۆك بارزانی كرد و دڵخۆشیی خۆی نیشاندا كە لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان كاری كردووە.

ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تری ئەمنی تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

Back to top button