سەرۆکی حکومەت، داوا لە بەغدا دەکات پابەندی یاسای بودجەی ساڵی 2021 بێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق 10 مانگە هیچ بەشە مووچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، داوا لە بەغداش دەکات “پابەندی یاسای بودجەی ساڵی 2021 بێت”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 20ی نیسانی 2021، بە کۆنسوڵ و نوێنەرانی ئەوروپای لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەرێمی کوردستان بە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق پابەند دەبێت، داوایکرد بەغداش پابەندبوونی خۆی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات و گوتووشیەتی “بەغدا 10 مانگە هیچ بەشە مووچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە”. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کورستان کۆبوویەوە، بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی مەسرور بارزانی، جگە لە دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدرالی، لەو کۆبوونەوەیەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێ کراون. بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیوای خواستووە پەسندکردنی یاسای بودجە ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەت جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە دەستووری عێراق و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە “کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێت”. مەسرور بارزانی باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە ئاراستەی رێکخستنەوە و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان، برەودان بە شەفافیەت و سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی بۆ میوانەکانی کردووە. هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی حکومەتی بۆ ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنانی بیانی و نێوخۆیی لە هەموو بوارەکاندا نیشانداوە.

Back to top button