سەرۆکی حکومەتى هەرێمی كوردستان؛ هەموو هەوڵێك دەدەین كە دۆخی ئابووری لە كوردستان باشتر بكەین

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 4/16 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە ئێوارە خوانێکدا بەربانگی لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکار و پیشەوەر و دەستگێر و دوکاندارانی شاری هەولێر کردەوە .

سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە دا لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین كە سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و لە كوردستانیشدا بەرقەرار بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەكڕیزی لە هەموو هێزێكی نیشتمانپەروەر دەكەین كە بڕوای بە ئامانجی پاراستنی هەرێمی كوردستان بێت.
ئەمەش دەقی گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە؛

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان:

بەڕێزان ؛
ئامادەبووانی هێژا
هەمووتان زۆر زۆر بەخێر بێن بۆ ئەم ئێوارەیە، بۆ بەربانگ كردنەوە. بۆ من جێی شانازییە كە ئەمڕۆ لە خزمەت ئێوەی خۆشەویست بم، بەیەكەوە ئەم بەربانگە بكەینەوە.
پێش ئەوە بە ناوی هەمووتانەوە جارێكی تر سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەكان دەکەین كە لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەوان، ئێمە دەتوانین ئەوا بە ئارامی لە كوردستاندا بژین و لە شوێنێكی وەكوو ئێرە بەیەكەوە كۆببینەوە.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهید و بنەماڵە سەربەرزەكانیان دادەنوێنین، ئێمە قەرزداری ئەوانین.
دەمەوێ لێرەدا باسی ئەوە بكەم كە ئێمە لەو ماوەیە هەموو هەوڵێكمان داوە ئەوەی پێمان بكرێ لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا بین. بێگومان ناحەزەكانی ئێمەش ، هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین لە خزمەتی ئێوەدابین و بە ئامانجەكانمان بگەین.
ئەوەی جێی شانازییە، كوردستان سوپاس بۆ خوا شوێنێكی ئارام و سەقامگیرە نەك تەنیا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان، بەڵكوو بۆ خەڵكی تریش لە شوێن و ناوچەكانی تری عێراق دێنە هەرێمی كوردستان. جێی دەستخۆشییە كە دەبینین كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانە، ئەمە شتێكە كە جێی شانازییە و هەقە خۆشتان شانازی بە خۆتان بكەن كە ئێوە توانیوتانە بەشێك بن لەوەی كوردستان بكەن بە شوێنێك كە خەڵك ڕووی تێ بكات.
لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین كە سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و لە كوردستانیشدا بەرقەرار بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەكڕیزی لە هەموو هێزێكی نیشتمانپەروەر دەكەین كە بڕوای بە ئامانجی پاراستنی هەرێمی كوردستان بێت، بڕوایان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت، بڕوایان بەوە بێت كە ئێمە بتوانین بەیەكەوە خزمەتی هەموو چین و توێژ و ئایینەكان بكەین، بڕوایان بەوە بێت كە ڕووبەڕووی گەندەڵی بوەستینەوە، بڕوایان بە وڵاتپارێزی بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەكڕیزین، بەڵام هیچ كات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشدار بین لە خاكفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، لە سەرانەستاندن، یان لە ئەوەی كە خەڵك لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆمان بەكار بێنین.

ئێمە گوتوومانە كە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دەبین، خوا یارمەتیمان بدات بەردەوام دەبین لەوەی كە خزمەتی ئێوە بكەین.
لە ڕووی ئابوورییەوە لە خوا بەزیاد بێت ڕۆژ بە ڕۆژ ئومێدمان بەوە زیاترە كە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی ڕووناكتر هەنگاو دەنێت. ئێمە هەرێمێكی سەقامگیرمان هەیە و سەقامگیرتریش دەبێت. لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی لە بەغدا هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی كێشەكانمان چارەسەر بكەین. ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناغی ئەو ڕێككەوتنەی كە ماوەیەك پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژۆمان كردووە، هیوادارم ئەمە یارمەتیدەرێكی زۆر بێت بۆ ئەوەی یارمەتیی ئێوەش بدات لە ڕووی ئابووریی ئێوە، چونكە دەزانم زۆربەی كاریگەرییەكانی ئابووری لەسەر شانی ئێوەن، چ كاسبكار بن، چ كرێكار بن، یان پیشەوەر، كاریگەرییە ئابوورییەكان زیاتر دەكەوێتە سەر شانی ئێوە. بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین كە دۆخی ئابووری لە كوردستان باشتر بكەین.

زۆر ژێرخان هەبووە یان زۆر دامەزراوە هەبووە كە بوونیان نەبووە، ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە كە ئەو دامەزراوانە دروست بكەین، كاریگەریی ئەوانە لەوانەیە ئێستا بەدەر نەكەوێت، بەڵام دوای ماوەیەكی تر كاریگەرییەكانی ئەم هەوڵانەش بەدەر دەكەون.
ئێمە بڕوامان زۆرە كە بتوانین كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر و ڕووناكتر ببەین، هەموو هەوڵ و تەقەڵای ئێمەش لەپێناو ئەوەیە كە ئێوە ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت. ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە ئێوە بتوانن ژیانێكی باشتر و ئاسوودەترتان هەبێت.
زیاتر لەوە نامەوێ كاتی ئێوە بگرم، چونكە بەرەبەرە لە بانگدان نزیك دەبینەوە، ئینشائەڵا ڕۆژی و تاعەت و نوێژی ئێوەش قەبووڵ بێت، خوا لێتان قەبووڵ بكات و هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

Back to top button