سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقی دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقی بە سەرۆکایەتی بەسام سالم سەرۆکی دەستەکە کرد.
شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی دەستەکەیان لە بواری ڕاگەیاندن و گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری خستەڕوو و ئامادەیی خۆشیان، بۆ هاریکاری و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی و کاریگەریی کەرتی گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری و پێشکەوتنی خێرای ئەو بوارە کرد کە جیهان ئەمڕۆ لە سەردەمی ژیریی دەستکرد دا دەژی و دەرفەتی بەرفراوانی لە هەموو بوارەکاندا، لەبەردەم مرۆڤایەتیدا کردووەتەوە.
سەرۆکی حکومەت خواستی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەستەکە دووپات کردەوە و جەختیشی لە گرنگیی هەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێم لە دەستە و دامەزراوە فیدراڵییەکان کردەوە.

Back to top button