سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵوێزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هانس سادنی باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی و دوا پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا تاوتوێ کران.

تەوەرێکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و گرنگی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پێویستیی پابەندبوون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا کردەوە. چونکە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێزگرتن لە ڕێکەوتنەکان.

لە بارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە ڕێگە نادەین بارودۆخی ناوخۆی هەرێم بکرێتە قوربانی داواکاری نادەستووری و نابەرپرسانە، دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا ئەنجام بدرێن.

باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆەکاندا دەربڕی و پشتیوانی هۆڵەنداشی بۆ بەهێزبوون و گەشەسەندانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق فیدراڵدا دووپاتکردەوە.

Back to top button