سەرۆکی حکوومەت دوو بڕیار لە بارەی گرنگیدان بە زمانی کوردی دەردەکات

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەرکرد.

لە فەرمانی یەکەمدا هاتووە: “لە پێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک، بڕیارماندا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن”.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت لە فەرمانی دووەم لەبارەی گرنگیدان بە زمانی کوردی گشت وەزارەتەکان ئاگادار دەکاتەوە: “پشت بەست بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە 6ی2014، لە پێناو پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان و ڕێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، بە پێی حوکمەکانی یاسای ئاماژەپێدراوی سەرەوە”.

هەروەها ئەوەش خراوەتە روو کە لە هۆتيل و شوێنە گەشتیاریی و ڕێستورانتەکان، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و رێنوێنییەکان، بەزمانی کوردیش هەبێت.

Back to top button