سەرۆکی حکوومەت رەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژەیەش دا

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێم ئاشکرایکرد، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە لەسەر دروستکردنی رێگای دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەڵەک، کە رێگایەکی ستراتیژیی و گرنگە بۆ ھاتووچۆکردن و 80 ملیار دیناریشی بۆ تەرخانکراوە.

دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژە داوە، کە گرنگترین پڕۆژەش لە سنووری پارێزگای دھۆکە کە دروستکردنی دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەڵەکە کە 80 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، چونکە داواکاری ھاووڵاتیان بۆ دروستکردنی ئەو رێگایە زۆر بوو، ھەروەھا ڕووداوێکی زۆری لێدەکەوتەوە، بۆیە ئێستا رەزامەندی ھاتۆتەوە و دەکرێتە دوو پاکێج و یەک کۆمپانیا جێبەجێی دەکات، کە ھەم دیزاین و ھەمیش دروستکردنی رێگاکەش”.

دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: “سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژەیە دا، کە زۆر گرنگە و پێویستە، ھاوکات ھاتووچۆیەکی زۆری لێدەکرێت و بڕیارە بەشێوەیەکی زۆر باش و ھاوشێوەی رێگای دھۆک بۆ ھەولێر دروست بکرێت، کە درێژیەکەشی نزیکەی 34کم دەبێت”.

عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد: “پڕۆژەکە ڕادەگەیەنین و دواتر دەدرێتە کۆمپانیایەک و ئەوانیش دیزاینی دەکەن و  دەست بەکاردەبن”.

 

Back to top button