سەرۆکی حکوومەت چاودێری چارەسەری کێشەی کەمئاوی دەکات

سەرۆكی حكوومەت خۆی چاودێریی دۆخەكە دەكات بۆ چارەسەریی دۆخی كەمئاوی لە گەڕەكەكانی هەولێر و بودجەی پێویستیش دابین كراوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ چارەسەریی كێشەی كەمئاوی، هەموو ئامادەكارییەك كراوە و لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی حكوومەت خۆی زۆر بە وردی چاودێریی بارودۆخەكە دەكات.

زیاتر گوتی، لیژنەی باڵای چاودێری وشكەساڵی ئەنجوومەنی وەزیران، چەندان كۆبوونەوەی ئەنجام داوە و تاوتوێی دۆخەكە كراوە و بودجەی پێویست تەرخان كراوە، لە ئاستی پارێزگاكانیشدا لیژنەیەك دروست كراوە.

باسی لەوەش كرد، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە حكوومەت و پارێزگای هەولێر لە پرسی كەمبوونەوەی ئاو، هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن و هەرچی پێویستە دەگیرێتەبەر، تەنیا پێویستی بە ئارامیی هاووڵاتییان هەیە، رێوشوێنی تریشمان گرتووەتەبەر و رێوشوێن بەرانبەر ئەو كەسانە دەگیرێتەبەر كە ئیستیغلالی دۆخەكە دەكەن.

لە هەولێر سێ‌ بۆڕیی ئاوی ئیفراز هەیە لەگەڵ هەزار و 37 بیری ئاو كە ئاوی خواردنەوە و پێداویستییەكان بۆ ماڵان دابین دەكەن، بەڵام ئێستە بەشێكی زۆری بیرەكان بەكار ناهێنرێن بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، هەروەها دوێنێ‌ پارێزگاری هەولێر گوتی، 100 بیری ئاو وشكیان كردووە و 120 بیریش پێویستیان بە چاككردن هەیە.

Back to top button